به‌غدا بڕه‌ پاره‌یه‌كی دیكه‌ی بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ره‌وانه‌ كرد

01:38 - 25/09/2023

5534جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ بڕی 250 ملیار دیناری دیكه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدڕاڵه‌وه‌ خراوه‌ته‌ سه‌ر هه‌ژماری هه‌رێمی كوردستان بۆ دابه‌شكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌وه‌زاره‌تی دارایی به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، ئه‌مڕۆ لەلایەن بانكی رەشیدەوە و لەسەر فەرمانی حكومەتی فیدڕاڵی بڕی 250 ملیار دینار خراوه‌ته‌سه‌ر هه‌ژماری وه‌زاره‌تی دارایی بۆ دابه‌شكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم.

بڕی 250 ملیار دینار لە ڕێگای بانکی ڕافیدەینەوە خرایە سەر  هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، بڕی 250 ملیار دینار لە ڕێگای بانکی ڕافیدەینەوە خرایە سەر  هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

دواتریش وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێم، خشته‌ی دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی (ته‌مموز/7)ی فه‌رمانبه‌رانی راگه‌یاند كه‌ له‌ئه‌مڕۆوه‌ تاوه‌كو 8ی (تشرینی یه‌كه‌م/10)ی 2023 به‌رده‌وام ده‌بێت.

رۆژی 17ی ئه‌م مانگه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بڕیاریدا به‌ ره‌وانه‌كردنی بڕی دو ترلیۆن و 100 ملیار دینار بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم به‌ قه‌رز، بۆ موچه‌ی سێ مانگ واتا هه‌ر مانگێك 700 ملیار دینار.

نیشانەکردن

موچه‌