داوای دەستوەردانی ئەمریکا بۆ ئازادکردنی توێژەرێکی ئیسرائیلی ده‌كرێت كه‌ له‌ عێراق ده‌ستگیركراوه‌

03:13 - 23/09/2023

1558جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

سێ ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا داوا له‌ سەرۆک وەزیرانی عێراق ده‌كه‌ن كه‌ چارەنوسی ئەلیزابێس تسورکۆڤ، توێژەری روسی- ئیسرائیلی ئاشكرا بكات، كه‌ له‌لایه‌ن گروپه‌ چه‌كداره‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌، سودانیش رایگه‌یاند، بەغدا جددییە لە ئاشکراکردنی چارەنوسی ئه‌و توێژه‌ره‌، ده‌شڵێت، "پرسی ئاسایش لە پێشینەی کارەكانه‌ بۆ عێراق".

سێ ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا داوایان لە حکومەتی عێراق کرد هەوڵەکانی چڕكاته‌وه‌ بۆ چارەسەرکردنی نهێنی دیارنەمانی ئەلیزابێس تسورکۆڤ، توێژەری روسی-ئیسرائیلی، کە راپۆرتە عیبریییەکان ئاماژەیان بەوەکردوە، لەلایەن "میلیشیایەکی عێراقی دڵسۆز بۆ ئێران رفێندراوە"، هاوکات راپۆرتێکی ئیسرائیلیش بەغدای به‌ بەرپرسیار له‌ دیارنه‌مانی ئه‌و توێژه‌ره‌ ناوبردوه‌.

ئەو فشارانە هاوکات بو لەگەڵ بەشداریکردنی محەمەد شیعاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە نیویۆرک، كه‌ له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردودا به‌ڕێوه‌چو.

هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەرپرسیارن لە دەستەبەرکردنی ئاسایشی هەمو ئەو کەسانەی دەچنە وڵاتەکە
سودانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی سی ئێن ئێنی ئەمریکی رایگەیاند، "هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەرپرسیارن لە دەستەبەرکردنی ئاسایشی هەمو ئەو کەسانەی دەگەنە عێراق، دەسەڵاتدارانی عێراق بەدواداچون بۆ دیارنەمانی تسورکۆڤ دەکەن، کە هاتوه‌ته‌ ناو عێراقەوە".
بەغدا جددییە لە ئاشکراکردنی چارەنوسی ئه‌و توێژەره‌ و قبوڵی ئەو روداوە ناکات
سودانی باسی له‌وه‌شكرد، "بەغدا جددییە لە ئاشکراکردنی چارەنوسی ئه‌و توێژەره‌ و قبوڵی ئەو روداوە ناکات، ئاسایش لە پێشینەی کارەکانی عێراقە".
رازی نییە لە مامەڵەکردنی ئەمریکا لەگەڵ دۆسیەی دیارنەمانی خوشکەکەی
لایما تسورکۆڤ، خوشکی ئەلیزابێس تسورکۆڤ، توێژەری روسی- ئیسرائیلی رایگەیاندوە، "رازی نییە لە مامەڵەکردنی ئەمریکا لەگەڵ دۆسیەی دیارنەمانی خوشکەکەی، دەبێت واشنتن کاریگەرییەکانی لە عێراق بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی ئازادبکات".
سێ ئه‌ندامی کۆنگرێسی ئه‌مریكا  داوایان لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کرد هەوڵی زیاتر بدات
راپۆرته ئیسرائیلییه‌كان ده‌ڵێن، سێ ئه‌ندامی کۆنگرێسی ئه‌مریكا كه‌ پێكهاتون له‌ ئێریک سۆڵوێڵ، رۆبێرت مێنێندێز و کۆری بوکەر داوایان لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کرد هەوڵی زیاتر بدات لە دۆسیەی دیارنەمانی ئەو توێژەرە ئیسرائیلی- روسییە.
ئەلیزابێس لە مانگی ئازاری رابردوەوە لە عێراق بێسەروشوێنە
پێشتر نوسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندبو، "ئەلیزابێس تسورکۆڤ، هاوڵاتییەکی ئیسرائیلی-روسییە لە مانگی ئازاری رابردوەوە لە عێراق بێسەروشوێنە و لەلایەن میلیشیا شیعەکانەوە بە بارمتە گیراوە".
 ئیسرائیل، عێراق بە بەرپرسیار دەزانێت لە چارەنوس و سەلامەتی ئه‌و توێژه‌ره‌
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، ئەو کچە هێشتا لە ژیاندایە و ئیسرائیل، عێراق بە بەرپرسیار دەزانێت لە چارەنوس و سەلامەتی ئه‌و توێژه‌ره‌.

ئیسرائیل لیواکانی حزبوڵای شیعە كه‌ لایەنگری ئێرانن بە ڕفاندنی ئه‌و توێژه‌ره‌ تۆمەتبار ده‌كات و بەغداش بە بەرپرسیار ده‌زانێت لە سەلامەتی.

نیشانەکردن

ئیسرائیل عێراق