وەزارەتی نەوت کۆمپانیا بیانییەکان پابەندی بەکارهێنانی دینار دەکات

12:26 - 22/09/2023

3261جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، کۆمپانیا بیانییەکانی پابەندکراون بۆ ئەوەی لە مامەڵەکانیاندا بە رێژەی 85٪ پشت بە دینار ببەستن لە بری دۆلار، وەزارەتی نەوت لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی هەلی کار بۆ دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان برەخسێنێت بە تایبەتی ئەوانەی پسپۆڕی جیۆلۆجیان خوێندوە.

عاسم جیهاد. وتەبێژی وەزارەتی نەوت بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، وەزارەتی نەوت رێز لە هەمو داواکارییەکان و هەمو پسپۆڕییەکان دەگرێت، هەروەها گرنگی پسپۆڕی جیۆلۆجی لە پیشەسازی نەوتی عێراق دوپات دەکاتەوە، لە ماوەی ساڵانی رابردو هەزاران دەرچوی پسپۆڕی جیۆلۆجییان دامەزراندوە.

 

حکومەت لە هەمو ساڵێک لە هەر وەزارەتێک کۆمەڵێک پلەی پیشەیی دیاری دەکات

ئاماژەی بەوەشکرد، پرسی فەراهەمکردنی پلەی پیشەیی تەنها پەیوەندی بە وەزارەتی نەوتەوە نییە، بەڵکو پەیوەستە بە بەرنامەی حکومیشەوە، بەرنامەی حکومەت لە هەمو ساڵێک لە هەر وەزارەتێک کۆمەڵێک پلەی پیشەیی دیاری دەکات.

 

کۆمپانیا بیانییەکان پابەندکراون بۆ ئەوەی لە مامەڵەکانیاندا پشت بە دینار ببەستن

ئەوەشی خستەڕو، وەزارەتی نەوتی عێراق کۆمپانیا بیانییەکانی بەپێی چەند گرێبەستێک پابەندکردوە، بۆ ئەوەی بە رێژەی 85٪ پشت بە دراوی نیشتیمانی ببەستن لە مامەڵەکانیاندا.

هەمو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی هەلی کار بۆ دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان برەخسێنن

باسی لەوەشکرد، کارکردنی کرێکار و کارمەندە بیانییەکان لە کۆمپانیا وەبەرهێنانەکان بۆ کاتێکی دیاریکراوە، هەمو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی هەلی کار بۆ دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان برەخسێنن بە تایبەتی ئەوانەی خوێندنەکەیان لە بواری جیۆلۆجییە.

 

نیشانەکردن

دۆلار