چین لە نەتەوە یەکگرتوەکان: ئیرادەمان له‌باره‌ی تایوان نه‌گۆڕه‌

09:35 - 22/09/2023

1406جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

چین داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە "ئیرادەی چەسپاوی"ی سەبارەت بە تایوان بە کەم نەزانێت و جەختی لەوەکردەوە، کە پرۆسەی "یەکگرتنەوە"ی ئاشتیانەی پێ باشترە.

هان ژێنگ، جێگری سەرۆکی چین لەبەردەم کۆبونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکاندا هەڵوێستی وڵاتەکەی دوپاتکردەوە، کە تایوان بە "بەشێکی دابەشنەکراو"ی چین دەزانێت و "نابێت هیچ کەسێک ئیرادەی بەهێز و پتەوی گەلی چین لە دەستەبەرکردنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکەیان بە کەم سەیر بکات".

گەیشتن بە یەکگرتنەوەی تەواوەتی چین خواستی هەمو خەڵکی نەتەوەی چینە
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، گەیشتن بە یەکگرتنەوەی تەواوەتی چین خواستی هەمو خەڵکی نەتەوەی چینە، "بەردەوامیش دەبین لە کارکردن بۆ یەکگرتنەوەی ئاشتیانە، بە دڵسۆزی و هەوڵێکی زۆرەوە".
ئەمریکا بەهێزترین هاوپەیمانی تایوانه‌ و بەتایبەتی پاڵپشتی سەربازی بەرچاوی پێشكه‌ش دەکات

ئەمریکا بەهێزترین هاوپەیمانی تایوانه‌ و بەتایبەتی پاڵپشتی سەربازی بەرچاوی پێشكه‌ش دەکات، ژمارەیەک بەرپرسی ئەمریکی نیگەرانی خۆیان لە پلانەکانی چین بۆ داگیركردنی دورگەکە بە زۆرەملێ دەربڕی، بەتایبەتی ئەگەر تایوان بە فەرمی سەربەخۆیی خۆی ڕابگەیەنێت، شارەزایان پێیانوایە ڕەنگە پەکین وانەی لە ئۆکرانیا وەرگرتبێت، ئەوەش دوای ساڵ و نیوێک لە داگیرکاری ڕوسیا.


هان ژێنگ، جێگری سەرۆکی چین

سەبارەت بە ململانێی ئۆکرانیا، چین هەوڵدەدات خۆی لە پێگەیەکی بێلایەندا جێگیر بکات سەرەڕای پشتیوانی ڕاگەیەندراوی بۆ کرێملین، جێگری سەرۆکی چین سەبارەت بە ئۆکرانیا داوای "وەستانی دوژمنایەتییەکان و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئاشتی" سەبارەت بە ئۆکرانیا کرد.

چین پشتگیری لە هەمو هەوڵەکان دەکات کە ئامانجیان چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکرانیایە
جێگری سەرۆکی چین جەختیشی لەوەکردەوە، کە "چین پشتگیری لە هەمو هەوڵەکان دەکات کە ئامانجیان چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکرانیایە بە شێوەیەکی ئاشتیانە و ئامادەیە بەردەوام بێت لە ڕۆڵێکی بنیاتنەر" بەرەو دامەزراندنی ئاشتی.

لە سەرەتای ئه‌م هەفتەیەدا جێگری سەرۆکی چین لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبوەوە، ئەوەش لە هەوڵێکی نوێدا بۆ هێورکردنەوەی پەیوەندییە کێشەدارەکەی نێوان هەردو وڵاتەکەیان.

نیشانەکردن

چین تایوان