خهندان-
قادر حەمەجان، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی رایگهیاند، ناردنی پارە لە بەغداوە بۆ هەرێم بە شێوەی قەرز "مەترسیدارە"، چونکە هەرێم قەرزەکانی زیاتر کەڵەکە دەبێت و نیشانەیە بۆ بەردەوامبونی قەیرانی دارایی.
قادر حەمەجان سەردانی هەریەکە لە هونەرمەندان جەلیل زەنگەنە، بەیان بۆمبا، کەمال چالاک و عەلی جۆڵای کرد و له پهیامێكدا رایگەیاند، "ئێوە رۆڵتان لە مێژوی هونەری كوردیدا ھەبوەو جێگای رێز و سوپاسن لەپای ئەو ھەمو خزمەتەی بە ھونەری كوردیتان كردوە".
پێویستە هەمو نەتەوەیەک و میللەتێک لە دونیادا هەوڵی پاراستنی ئەدەب و کەلتور و فۆلکلۆرو مێژوی خۆی بدات
وتیشی، "پێویستە هەمو نەتەوەیەک و میللەتێک لە دونیادا هەوڵی پاراستنی ئەدەب و کەلتور و فۆلکلۆرو مێژوی خۆی بدات، ئەم هونەرمەندانەش بە کارە هونەرییەکانیان توانیویانە دۆزی ڕەوای میللەتەکەمان زیاتر بناسێنن و بەبێ ئەوەی گەشەی زیاتر بە هونەر بدرێت ناتوانین باس لە دروستکردنی کۆمەڵگایەکی فرەیی و دیموكراسیەت بکرێت."
بە یەکگرتویی لایەنە کوردستانییەکان لە بەغدا دەتوانین روبەڕوی ئاڵەنگارییەکان ببینەوە
پهیوهست به پهیوهندیهكانی نێوان هەولێر و بەغدا، قادر حەمەجان وتی، "وەک لە رابردودا جەختمانکردبوەوە تەنها بە یەکگرتویی لایەنە کوردستانییەکان لە بەغدا دەتوانین روبەڕوی ئاڵەنگارییەکان ببینەوە و لە پەرتەوازەیدا تەنها گەلەکەمان زەرەر دەکات، ئەوەش بە ڕونی سەلمێنراوە و تەنها کاتێک هەموان پێکەوە کاربکەن دەتوانن ئاسۆیەکی گەشتر بۆ گەلی كوردستان بهێننە دی".
قەرز لە ئایندەدا بارگرانییەکی زیاتر بۆ هەرێم دروست دەکات و کێشەکان زیاتر دەکات
لە بارەی پێدانی قەرزەوە لەلایەن بەغداوە بە هەرێم، ئهو بهرپرسهی یهكێتی وتی، "موچە مافێکی رەوای ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستانە و ناکرێت وەک قەرز پارەیان بۆ دابین بکرێت، بە تایبەت کە لە ئایندەدا بارگرانییەکی زیاتر بۆ هەرێم دروست دەکات و کێشەکان زیاتر دەکات و پێویستە کێشەی شایستە دارایییەکانی هەرێم لە بنەڕەتەوە چارەسەر بکرێت بەپێی دەستوور، نەک قەیرانەکان قوڵتر بکرێنەوە".
بە هیچ جۆرێک پارەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی دیکە بەکار نەهێنرێت
ئهوهشی خستهڕو، ئەو پارەیەی لە بەغداوە دێت پێویستە سەرجەمی بۆ موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان خەرج بکرێت و بە هیچ جۆرێک پارەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی دیکە بەکار نەهێنرێت، چونکە موچەخۆران سەبری زۆریان گرتوە و لە دۆخێکی خراپدان و دەبێت بە خێرایی موچەکانیان پێ بدرێت.