هەواڵی ئەمڕۆ

قوباد تاڵەبانی بە توندی پاساوی توركیا بۆ هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی عەربەت ره‌تده‌كاته‌وه

05:21 - 20/09/2023

4175جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان بە توندی پاساوی توركیا بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی عه‌ربه‌ت رەتکردەوە و رایگەیاند، شەهیدەکان و بریندارەکانی روداوەکە هەمویان پێشمەرگەی قارەمانی کوردستان و ئەندامی هێزەکانی دژەتیرۆر بون و بە هیچ شێوەیەک جگە لە هێزی دژە تیرۆر هیچ هێزێکی دیکە لە فڕۆکەخانە نەبوە.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، قوباد تاڵەبانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ هه‌ولێر پێشوازیکرد لە تۆرکیڵد بیگ، نوێنەری یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان و لە کۆبونەوەی نێوانیاندا روداوی هێرشکردنەسەر هێزەکانی دژەتیرۆر لە فڕۆکەخانەی عەربەت تاوتوێ کرا.

نوێنەری یەکێتی ئەوروپا بەتوندی سه‌ركۆنەی بۆردومانکردنی فڕۆکەخانەی عەربەتی کرد 
ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، نوێنەری یەکێتی ئەوروپا بەتوندی سه‌ركۆنەی بۆردومانکردنی فڕۆکەخانەی عەربەتی کرد و هیوای خواست جارێکی دیکە روداوی لەو شێوەیە دوبارە نەبێتەوە.
ئەم روداوە پێشهاتێکی مەترسیدارە و تیایدا هێزێکی فەرمی عێراقی و کوردستانی کراوەتە ئامانج

قوباد تاڵەبانی له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا باسی له‌وه‌كردوه‌، "ئەم روداوە پێشهاتێکی مەترسیدارە و تیایدا هێزێکی فەرمی عێراقی و کوردستانی کراوەتە ئامانج کە هێزی دژەتیرۆری کوردستانە و بۆ هەمولایەکیش ئاشكرایە، کە ئەو هێزە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بە درێژایی دو دەیە هاوکار و هاوپەیمانی سەرەکی هێزەکانی هاوپەیمانان بوە لە شەڕی دژەتیرۆردا".

شەهیدەکان و بریندارەکانی روداوەکە هەمویان پێشمەرگەی قارەمانی کوردستانن

قوباد تاڵەبانی بە توندی پاساوی لایەنی هێرشبەری رەتکردەوە و رایگەیاند، "شەهیدەکان و بریندارەکانی روداوەکە هەمویان پێشمەرگەی قارەمانی کوردستان و ئەندامی هێزەکانی دژەتیرۆر بون و بە هیچ شێوەیەک جگە لە هێزی دژە تیرۆر هیچ هێزێکی دیکە لە فڕۆکەخانە نەبوە".

داواشیکرد حکومەتی عێراق و هاوپەیمانان و یەکێتی ئەوروپا بۆ پاراستنی سەروەری عێراق هەنگاوی کردەیی بنێن

جێگری سەرۆک وەزیرانی هه‌رێم داواشیکرد حکومەتی عێراق و هاوپەیمانان و یەکێتی ئەوروپا بۆ پاراستنی سەروەری عێراق و رێگریکردن لە دوبارەبونەوەی ئەم جۆرە پێشێلکارییانە هەنگاوی کردەیی بنێن و سنورێک بۆ ئەو هێرشە سەربازییانە دابنێن کە دەکرێنەسەر خاکی هەرێم و عێراق.

ئێوارەی 18 ئه‌م مانگه‌ فڕۆکەخانەی عەربەت لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیاوە بۆردومان کرا، لە ئەنجامدا سێ پێشمەرگەی سەر بە هێزەکانی دژە دژەتیرۆری کوردستان (CTG) شەهیدبون و سیانیش برینداربون.

 سێ پێشمەرگەی قارەمانی دژەتیرۆری کوردستان شەهیدبون و 3 پێشمەرگەی تریشمان برینداربون

بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆری کوردستان (CTG) له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردوه‌، "داگیرکەران و ناحەزانی ئارامی و ئاسایشی هەرێم بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرایە ئامانج کە بەداخەوە سێ هەڤاڵ و پێشمەرگەی قارەمانی دژەتیرۆری کوردستان شەهیدبون و 3 پێشمەرگەی تریشمان برینداربون".

 ئەم تاوانە تیرۆریستییە بەچاوساغی نۆکەرانی بێگانە و سیخوڕانی ناوخۆیی ئەنجامدرا

ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، "لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەم تاوانە تیرۆریستییە دەستپێکردوە کە بەچاوساغی نۆکەرانی بێگانە و سیخوڕانی ناوخۆیی ئەنجامدرا، بێسزا تێناپەڕێت و هەر لایەن و جاسوسێک هاوکاربوبیت روبەڕوی سزاو یاساو ویژدانی نەتەوەکەمانی دەکەینەوەو تۆڵەی شەهیدەکانمان لە ئەستۆی ئێمەیە و ناهێڵین خوێنی گەشیان  بەهەدەربڕوات".

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا شه‌وی رابردو له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا به‌رپرسیارێتی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی عه‌ربه‌تی له‌ ئه‌ستۆ گرت و باسی له‌وه‌كرد، "زانراوە لەکاتی تەقینەوەکەدا ئەندامانی گروپی دژە تیرۆری سەر بە یەکێتی لەگەڵ هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌ و یه‌په‌گه‌ پێکەوە مەشق و ڕاهێنانیان دەکرد، ئەم پێشهاتە بە ڕونی هاوکاریی هەندێک لایه‌نی ئەمنیی سەر بە یەکێتی لەگەڵ ئەندامانی ئەو یه‌په‌گه‌ ئاشکرا کردوە".