روسیا گوشارەکانی رۆژئاوا پشتگوێ دەخات؛ هاوكاریه‌ سه‌ربازییه‌كان له‌گه‌ڵ ئێران زیاتر ده‌كات

04:33 - 20/09/2023

2616جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

سێرگی شۆیگو، وەزیری بەرگری روسیا لە سەردانەکەیدا بۆ تاران رایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان وڵاته‌كه‌ی و ئێران گەیشتوەتە ئاستێکی نوێ سەرەڕای دژایەتی زۆربەی وڵاتانی رۆژئاوا بەهۆی ئەو پشتیوانییەی تاران پێشکەشی مۆسکۆ دەکات سەبارەت بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئۆکرانیا، لەکاتێکدا مۆسکۆ و تاران روبەڕوی فشار و سزای توندی رۆژئاوا ده‌بنه‌وه‌، کە کاریگەری لەسەر هەردو وڵات هەیە.

ئاژانسی هەواڵی ئینتەرفاکس لە زاری سێرگی شۆیگو بڵاویکردەوە، "ئامانجمان جێبەجێکردنی تەواوی چالاکییە پلان بۆ داڕێژراوەکانه‌، سەرەڕای دژایەتی ئەمریکا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی".

گوشار و گەمارۆکانی سەر روسیا و ئێران بێهودەن
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، گوشار و گەمارۆکانی سەر روسیا و ئێران بێهودەیی خۆیان نیشان دەدەن، لە کاتێکدا کارلێکی روسیا و ئێران په‌یوه‌ندیه‌كانیان دەگاتە ئاستێکی نوێ.
روسیا و ئێران کەوتونەتە ژێر گەمارۆ ئابورییەکانی رۆژئاوا
مانگی رابردو شاندێکی سەربازیی ئێران گەیشتە مۆسکۆ بۆ تاوتوێکردنی هاوکارییەکانی نێوان هێزی زەمینی دو وڵات، روسیا و ئێران کە کەوتونەتە ژێر گەمارۆ ئابورییەکانی رۆژئاوا، لەوکاتەوەی کە مۆسکۆ لە مانگی شوباتی 2021 دەیان هەزار سەربازی رەوانەی ئۆکرانیا کردوە، پەیوەندییەکانیان لە ڕوی سەربازی و لە بوارەکانی دیکەوە پتەوتر کردوە.
هێزە نیزامییەکانی ئێران و روسیا لە ساڵانی رابردودا چەندین مانۆڕیان ئەنجامداوە
هێزە نیزامییەکانی ئێران و روسیا لە ساڵانی رابردودا چەندین مانۆڕیان ئەنجامداوە، لە هەمانکاتدا هەردو وڵات لە بەرامبەر ئەو ئۆپۆزسیۆنەی کە تورکیا و ڕۆژئاوا پاڵپشتییان دەکەن، پشتیوانی رژێمی سوریا دەکەن.
واشنتن و کیێڤ، ئێران تۆمەتبار دەکەن بەوەی ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بە ڕوسیا فرۆشتوە
واشنتن و لە پشتییەوە کیێڤ، ئێران تۆمەتبار دەکەن بەوەی ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بە ڕوسیا فرۆشتوە بۆ بەکارهێنانی لە شەڕەکەیدا لە ئۆکرانیا، به‌ڵام تاران رەتیدەکاتەوە، بەڵام پێدەچێت هاوکارییەکان لەم دواییانەدا پەرەی سەندبێت بۆ ئەوەی لە چەکسازی تێپەڕێت و بگاتە هەماهەنگییەکی تەواو لە نێوان هەردو سوپا و ڕەنگە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە دەرەوەی گۆڕەپانی سوریا ئه‌نجامبده‌ن.
ئەمریکا فشار دەخاتە سەر ئێران بۆ ئەوەی واز لە فرۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە روسیا بهێنێت
ئەمریکا فشار دەخاتە سەر ئێران بۆ ئەوەی واز لە فرۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە روسیا بهێنێت لە چوارچێوەی گفتوگۆکان سەبارەت بە "تێگەیشتنێکی نەنوسراو"ی بەرفراوانتر لە نێوان واشنتن و تاران، بەڵام پێدەچێت حکومەتی ئێران بڕیاربدات بۆ پشتیوانیکردنی هاوپەیمانەکەی.

لە مانگی (حوزەیران/6)ی رابردودا کۆشکی سپی ڕێککەوتنێکی نێوان مۆسکۆ و تارانی ئاشکرا کرد، سەبارەت بە بەرنامەیەک کە لە ڕێگەیەوە روسیا سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ دابین دەکرێت، ئاماژەی بە پلانێک کرد کە ئامانج لێی دروستکردنی کارگەیەک بو بۆ بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لە مۆسکۆ.
بریتانیا، فڕەنسا، ئەڵمانیا، ئەمریکا و ئۆکرانیا دەڵێن، دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پێشێلکردنی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشە
بریتانیا، فڕەنسا، ئەڵمانیا، ئەمریکا و ئۆکرانیا دەڵێن، دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێران بۆ روسیا پێشێلکردنی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکانە، ئەمریکاش سزای بەسەر کارگێڕانی ئێرانی لە کۆمپانیایەکی پیشەسازی بەرگری سەپاندبو بەهۆی دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ روسیا.
تاران دانی بەوەداناوه‌ کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ڕوسیا ناردوە بەڵام پێش دەستپێکی شەڕەکە
تاران دانی بەوەداناوه‌ کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ڕوسیا ناردوە، بەڵام پێشتر ڕایگەیاندبو، کە پێش لەشکرکێشی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا ناردویه‌تی.

مانگی (حوزەیران/6)ی رابردو، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە ماڵپەڕەکەیدا ڕێنمایییەکی بڵاوکردەوە کە کۆمپانیا و کەسانی جیهانی ئاگادارکردەوە لە گرتنەبەری هەر هەنگاوێک کە پشتگیری لە بەرنامەی ئێران بکات بۆ دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
ئۆکرانیا داوای سەپاندنی سزای توند بەسەر تاران کرد 
ئۆکرانیا داوای سەپاندنی سزای توند بەسەر تاران کرد بۆ ڕاگرتنی پلانەکانی بۆ دابینکردنی رێپێوان بۆ روسیا و ئێرانی بە بەرپرسیار زانی لەو شتانەی کە بە وتەی خۆی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە.

لەبەرامبەر پاڵپشتی روسیا، ئێران دەیەوێت کەرەستەی سەربازی بە بەهای ملیارەها دۆلار لە مۆسکۆوە دەستبکەوێت، لەوانەش هێلیکۆپتەر و ئامێری رادار، لەکاتێکدا هێزەکانی ئێرانی سەر بە سوپای پاسداران لە کەنداو مانۆڕ ئەنجامدەدەن لە چوارچێوەی تەحەددایەک بۆ ئەمریکا، کە بونی خۆی لە ئاوەکانی کەنداو بۆ روبەڕوبونەوەی هێزەکانی ئێران بەهێزتر کردوە.

نیشانەکردن

روسیا ئێران