سوپای پاسداران: ئەگەر هەرێم و عێراق پابەندی رێککەوتنی ئەمنی نەبن هێرشەکانمان دەست پێدەکەینەوە

01:03 - 20/09/2023

1574جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، ئەگەر هەرێمی و عێراق پابەندی رێکەوتنە ئەمنییەکان نەبن ئەوا دوبارە هێرشەکانیان بۆ سەر هێزە کوردییەکانی ئێران دەستپێدەکەنەوە.

رەمەزان شەریف بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، لە دوای 30 ساڵ لە رێگەی جێبەجێکردنی رێککەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ کاربەدەستانی عێراق، توانیان هێزە کوردییەکانی ئێران چەکبکەن.

سەرجەم ئەو هێزانە لە ناوچەکانی هەرێم و عێراق دوردەخرێنەوە

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرجەم ئەو هێزانە لە ناوچەکانی هەرێم و عێراق دوردەخرێنەوە، ئەگەر هەرێم و عێراقیش پابەندی رێککەوتنەکان نەبن ئەوا هێرشەکانیان بۆسەر هێزە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکان بەردەوام دەبێت.

لە رێگەی بریکارەکانی هەواڵگری پاسدارانی ئێران دەست بەسەر زۆربەی چەکەکاندا گیراوە

ئەوەشی خستەڕو، زۆربەی ئەو چەکانەی بە دەست هێزە کوردییەکان گەیشتوە، لە رێگەی دەروازەکانی کۆمەڵەوە بوە، لە رێگەی بریکارەکانی هەواڵگری پاسدارانی ئێران دەست بەسەر زۆربەی چەکەکاندا گیراوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە، لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران رایانگەیاند، سەرجەم بارەگای هێزە کوردییەکان لە عێراق و هەرێم بە شێوەیەکی یەکجاری چۆڵکران، هێزی عێراقی لەو نزیک بارەگاکان بڵاوەیان پێکراوە و ئاڵای عێراق بەرزکراوەتەوە و دەشڵێن، "پاراستنی سنوری عێراق ئەرکێکی هاوبەشە."

لە رۆژی 19ی مانگی (ئازار/3)ی ئەمساڵ قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و عەلی شەمخانی، ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران رێککەوتنێکی ئەمنیان بۆ چەککردن و دورخستنەوەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان واژۆکرد.