وەزیری بەرگری عێراق: هێزە کوردییەکانی ئێران رەوانەی پێنج بنکەی سەربازی کراون

07:42 - 19/09/2023

5913جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

وەزیری بەرگری عێراق رایگەیاند، سەرجەم هێزە کوردییەکانی ئێران چەککراون و رەوانەی پێنج بنکەی سەربازی ناوخۆی عێراق کراون، لەگەڵ تورکیا و ئێران رێگای سیاسی و دبلۆماسی کێشەکان چارەسەر دەکەن، دەشڵێت، "رێگا نادەین وڵاتانی دراوسێ هەڕەشە لەسەر خاکی عێراق دروستبکەن".

سابت محەمەد وەزیری بەرگری عێراق بە تۆڕی میدیایی "العراقیة"ی راگەیاند، سەرجەم هێزە کوردییەکانی ئێران چەککران و رەوانەی پێنج بنکەی سەربازی ناوخۆی عێراق کراون.

رێگە نادەن خاکی عێراق هیچ هەڕەشەیەکی وڵاتانی دراوسێی لەسەر بێت

ئاماژەی بەوەشکرد، رێگە نادەن خاکی عێراق هیچ هەڕەشەیەکی وڵاتانی دراوسێی لەسەر بێت، رێگای تایبەتی دبلۆماسی و سیاسی خۆیان بەکاردەهێنن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ ئێران و تورکیا.

هێزە سەربازییەکانی خۆمان ئامادەن بۆ پاراستنی خاکی عێراق

ئەوەشی خستەڕو، لە ئێستادا هیچ بنکەیەکی سەربازی ئەمریکا لە عێراقدا نییە و تەنها چەند راوێژکارێکی سەربازی سەر بە هاوپەیمانان راهێنان بە هێزە عێراقییەکان دەکەن و وتیشی، "پێویستمان بە هێزی دیکە نییە و هێزە سەربازییەکانی خۆمان ئامادەن بۆ پاراستنی خاکی عێراق".

لیژنەیەکی سەربازی لە نێوان بەغدا و واشنتن بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر پێکهێنراوە

باسی لەوەشکرد، لیژنەیەکی سەربازی لە نێوان بەغدا و واشنتن بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و رێخستنی کاری راوێژکارەکانی سەر بە هاوپەیمانان پێکهێنراوە، کۆبونەوەکانی ئەو لیژنەیەش بەردەوامە و کۆتا کۆبونەوەیان چەند رۆژێک پێش ئێستا بوە لە بنکەی سەربازی عەین ئەسەد.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە رۆژی 19ی مانگی (ئازار/3)ی ئەمساڵ قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و عەلی شەمخانی، ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران رێککەوتنێکی ئەمنیان بۆ چەککردن و دورخستنەوەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان واژۆکرد.