خهندان-
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان رایگەیاند، کاتی نوێکردنەوەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و چاکسازی لە ئەنجومەنی ئاسایش و رێکخستنەوەی بیناسازی دارایی نێودەوڵەتی هاتوە.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز ئهمڕۆ سێشەممە لە وتارێكدا له کردنەوەی کۆبونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکاندا، رایگەیاندوە، "جیهانی فرە جەمسەری پێویستی بە دامەزراوەی فرەلایەنەی کاریگەر و بەهێز هەیە، ئاشتی و ئاسایش لهجیهاندا لەژێر فشارێکی بێ وێنەدایە".
جیهان روبەڕوی هەندێک کێشە دەبێتەوە کە "هەڕەشەی وجودین"
ئاماژهی بهوهشكردوه، جیهان روبەڕوی هەندێک کێشە دەبێتەوە کە "هەڕەشەی وجودین"، لەنێویاندا قەیرانی کەشوهەوا و تەکنەلۆژیای "وێرانکەر" هەیە.
گۆتێرێز نیازی خۆی بۆ دانانی دەزگایەکی راوێژکاری باڵا لەم مانگەدا پشتڕاستکردەوە
گۆتێرێز نیازی خۆی بۆ دانانی دەزگایەکی راوێژکاری باڵا لەم مانگەدا پشتڕاستکردەوە سەبارەت بە زیرەکی دەستکرد، کە لە کۆتایی ئەمساڵدا ڕاسپاردەکانی پێشکەش دەکات.
لە مانگی (تەمموز/7)ی رابردودا ئەمینداری گشتی داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی راوێژکاری باڵای کرد، کە راپۆرت لەسەر بژاردەکانی "حوکمڕانی" زیرەکی دەستکرد لەسەر ئاستی جیهانی، تا کۆتایی ئەمساڵ پێشکەش بکات.
هێرشە ئەلیکترۆنییەکان لەسەر بنەمای زیرەکی دەستکرد لە ئێستاوە ژێرخانی گرنگ و ئۆپەراسیۆنە ئاشتیپارێزی و مرۆییەکانمان دەکەنە ئامانج
گۆتێرێز لەو کاتەدا وتی، "هێرشە ئەلیکترۆنییەکان لەسەر بنەمای زیرەکی دەستکرد لە ئێستاوە ژێرخانی گرنگ و ئۆپەراسیۆنە ئاشتیپارێزی و مرۆییەکانمان دەکەنە ئامانج، ئەوەش ئازاری گەورەی مرۆڤی لێدەکەوێتەوە".
بەردەوامی خوێنڕشتن لە ناوچەکانی فەڵەستین "بارگرانییەکی گەورە دەخاتە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی"
گۆتێرێز ئهمڕۆ لە وتارەکەیدا باسی له بارودۆخی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كرد، کە تیایدا جەختی لەوەکردەوە، کە ئاشتی لە سوریا "دورە"، هەروەها جەختی لەوەکردەوە، کە بەردەوامی خوێنڕشتن لە ناوچەکانی فەڵەستین "بارگرانییەکی گەورە دەخاتە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی".
گۆتێرێز هۆشداریدا لەوەی سودان دەخزێتە ناو "شەڕێکی ناوخۆیی هەمەلایەنە"
سەبارەت بە دۆخی سودان، گۆتێرێز هۆشداریدا لەوەی وڵاتەکە دەخزێتە ناو "شەڕێکی ناوخۆیی هەمەلایەنە" و روبەڕوی مەترسیی دابەشبون دەبێتەوە، ئەوەش لەبەر رۆشنایی ململانێی بەردەوامی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا کە زیاتر لە پێنج مانگە بهردهوامه.
گروپی 20 بەرپرسە لە 80%ی دەردانی گازی گەرمخانەیی
سەبارەت بە گەرمبونی جیهان، ئەمینداری گشتی نهتهوه یهكگرتوهكان وتی، "گروپی 20 بەرپرسە لە 80%ی دەردانی گازی گەرمخانەیی، گروپەکە دەبێت واز لە ئالودەبونی بە سوتەمەنی بەردینی بهێنێت".
ئهوهشی خستهڕو، گروپی 20 "دەبێت درک بەوە بکات کە پێدانی مۆڵەتی نوێ بۆ نەوت و گاز لەگەڵ پاراستنی بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما لە سەرانسەری جیهاندا ناگونجێت، گۆڕانی کەشوهەوا ژیان لەسەر هەسارەکەمان دەگۆڕێت، کۆمەڵگاکان وێران دەکات و مرۆڤەکان دەکوژێت".