خهندان-
سێ ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا داوایان لە سەرۆکی ئەمریکا کردوە، هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات بۆ ئەوەی قەیرانە ئابوری و سیاسییەکانی چارەسەر بکرێت و هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە، چونکە هەرێمی کوردستان لە روی سیاسی و هەڕەشەی سەربازییەوە توشی "تەنگەنەفەسی بوە".
ئاژانسی ههواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ههریهكه له مایکڵ واڵتەرز، مایکڵ تی مەکۆڵ و جۆو و وێڵسن ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا نامەیەکیان ئاڕاستەی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کردوە و تێیدا هاتوە، "پێویستە بە زوترین کات هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە".
هەرێم یەکێکە لە هاوبەشەکانی ئەمریکا کە دەتوانرێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشتی پێبەسرێت
ئاماژە بەوەشکراوە، هەرێمی کوردستان یەکێکە لە هاوبەشەکانی ئەمریکا کە دەتوانرێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشتی پێبەسرێت، بەهۆی داخستنی ئەو بۆریانەی نەوتی پێ هەناردە دەکرێت، هەرێم زۆربەی داهاتەکانی لەدەستداوە، مەسرور بازرانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمیش لە نامەیەکدا هۆشداری لەبارەی ئەو پرسەوە دابو.
کوردستان لە روی سیاسی و یاسایی و هەڕەشەی سەربازییەوە روبەڕوی "تەنگەنفەسی" دەبێتەوە
ئەوەشخراوەتەڕو، هەرێمی کوردستان لە روی سیاسی و یاسایی و هەڕەشەی سەربازییەوە روبەڕوی "تەنگەنفەسی" دەبێتەوە، داوا لە سەرۆکایەتی ئیدارەی ئەمریکا دەکەن هاوکاریان بن لە چارەسەری کردنی قەیرانەکایان.
لە ئێستادا هەرێم لە روی ئابوری و سیاسییەوە بریندارە و خوێن لە جەستەمان دێت
پێشتر رۆژنامەی Al Monitorی ئەمریکی
بڵاویکردبوەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رۆژی 3ی مانگی (ئەیلول/9) نامەیەکی ئاڕاستەی کۆشکی سپی کردوە و بە جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکای راگەیاندوە، "لە ئێستادا هەرێم لە روی ئابوری و سیاسییەوە بریندارە و خوێن لە جەستەمان دێت و یەکەمجارە وەکو سەرۆک وەزیران هەست بە نیگەرانی دەکەم و ئەو هەڵمەتەی عێراق لە دژمان گرتویەتییەبەر بەرەوە روخانمان دەبات".
داوا لە ئەمریکا دەکەین نێوەندیگیری بکات و هەرێمی کوردستان لە قەیرانی ئابوری و سیاسی رزگاربکات
لە نامەکەی مەسرور بازرانیدا ئاماژە بەوەشکراوە، "ئیدارەی ئەمریکا کاریگەری زۆری لەسەر حکومەتی بەغدا هەیە و داوا لە ئەمریکا دەکەین نێوەندیگیری بکات و هەرێمی کوردستان لە قەیرانی ئابوری و سیاسی رزگاربکات".
نیگەرانییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق و فرۆشی نەوت و داهاتی نانەوتییە، لە ئێستاشدا زیاتر لە دو مانگە فەرمانبەرانی هەرێم موچەیان وەرنەگرتوە و بەشێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکان بایکۆتی کاریان کردوە.
لە رۆژی رابردوش لە میانەی کۆبونەوەی لهگهڵ ئالینا رۆمانۆسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، مەسرور بازرانی دوبارە داوای کردبو ئەمریکا هاوکاربێت لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا.