خهندان-
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگهیاند، کچێکی تەمەن 13 ساڵان بە ناوی مەهیا نادری، لەلایەن پورزایهكییهوه بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکی ساچمە کوژراوە، ئەو کچە مێردمنداڵە بە پاساوی پاراستنی "شەرەف و ناموس" کوژراوە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئەمڕۆ سێشەممە له راپۆرتێكدا بڵاویكردهوه، هەینی رابردو (17ی ئهیلولی 2023) کچێکی تهمهن 13 ساڵان بە ناو مەهیا نادری خەڵکی شاری سەرپێڵی زەهاوی سەر پارێزگای کرماشان، لە ماڵی خۆیان لە گەڕەکی "زەعفەرانییە"ی سەر بەو شارە کوژراوە.
پورزایەکی ئەو کچە کوژراوە بە چەکێکی ساچمە جۆری وینچێستەر تەقەی لە کەمەر و ملی مەهیا کردوە
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پورزایەکی ئەو کچە کوژراوە بە چەکێکی ساچمە جۆری وینچێستەر تەقەی لە کەمەر و ملی مەهیا کردوە و پاشان سەری لە لاشەی جیا کردوەتەوە و دواتر شوێنی تاوانەکەی بەجێ هێشتوە.
باوکی مەهیا نادری بەرپرسیارێتیی کوشتنی کچەکەی بە هۆکاری پاساوی شەرەف لە ئەستۆ گرتوە
هەروەها ئەو سەرچاوەیە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی کە بنەماڵەی خودی کچەکە کوژرەکەش لە کوشتنی مەهیا دەستیان هەبوە، رایگەیاند، "باوکی مەهیا نادری بەرپرسیارێتیی کوشتنی کچەکەی بە هۆکاری پاساوی شەرەف و بۆ ئەوەی بکوژەکە سزا نەدرێت (بەپێچەوانەی ئەوەی ڕوی داوە) لە ئەستۆ گرتوە".
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دهڵێت، "بەپێی یاساکانی کۆماری ئیسلامی، ئهگهر باوکێک منداڵەکەی خۆی بکوژێت، سزای یاسایی نایگرێتەوە و تەنها خوێنبایی و هەروەها لە هەندێک حاڵەتدا سزای بەندکردنی (سێ بۆ 10 ساڵ) بەسەردا دەسەپێندرێت، ئەم لێخۆشبونەش تەنیا باوک و باپیری کوژراوەکە دەگرێتەوە".