خهندان-
وتەبێژی کرێملن رایگەیاند، پێویستە دەسەڵاتدارانی ئەرمینیا و ئازەربایجان بێنە سەر مێزی دانوستان، فڕەنساش داوای کۆبونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات، ئەوەش لە دوای ئەوەی دوبارە ململانێی چەکداری لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان دروستبو.
ئەوەی لە ئێستادا گرنگە قایلکردنی دەسەڵاتدارانی ئازەربایجان و ئەرمینیایە
دیمیتری بیسکۆف وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا "کرێملن" لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، ئەوەی لە ئێستادا گرنگە قایلکردنی دەسەڵاتدارانی ئازەربایجان و ئەرمینیایە بۆ ئەوەی لەسەر مێزی دانوستان دابنیشن و خۆیان لە زیانی مرۆیی بە دوربگرن.
فڕەنسا داوای کۆبونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات
لەلایەکی دیکەوە فڕەنسا داوای کرد، کۆبونەوەی بە پەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەرێوەبچیت، ئەمریکاش دەڵێت، "هەوڵە دبلۆماسییەکانمان بەردەوامە بۆ کپکردنەوەی ململانێی سەربازی لە ناوگۆرنۆی قەرەباغ."
ململانێی سەربازی لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان هەڕەشەی لەسەر ژیانی هەزاران کەس دروستکردوە
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەکردوە، ململانێی سەربازی لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان هەڕەشەی لەسەر ژیانی هەزاران کەس دروستکردوە، لە کاتێکدا ماوەی مانگێکە خەڵکی ئەو ناوچەیە بەهۆی کەمی خزمەتگوزاری و هاوکاری مرۆییەوە دەناڵێنن.
ئەمریکا هیواداربو بتوانێت دانوستان و نێوەندگیری بۆ کێشەی درێژخایەنی باکۆ و یەریڤان بکات
هاوکات، بەرپرسێکی ئەمریکا کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات ئەوەی خستەڕو، لە دوای کرانەوەی دەروازەی لاچین و گەیشتنی هاوکارییەکان، ئەمریکا هیواداربو بتوانێت دانوستان و نێوەندگیری بۆ کێشەی درێژخایەنی باکۆ و یەریڤان بکات، بەڵام کێشەکە تا دێت ترسناکتر دەبێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ململانێ سەربازییەکانی نێوان ئەرمینیا و ئازەرباییجان لە ناوچەی قەرەباغ دەستیپێکردەوە و بەهۆیەوە، تەنها لەمڕۆدا دو کەس کوژراون و 23 کەسی دیکە برینداربون.