خهندان-
سەرۆکی پهرلهمانی عێراق رایگهیاند، یاسای لێبوردنی گشتی لە رێککەوتنە سیاسیەکەدا جێگیرکراوە، ئهوهش لهكاتێكدایه بهشێك له لایهنه سیاسییهكانی چوارچێوهی ههماههنگی لهماوهی رابردودا به "مهرج" رهزامهندیان لهسهر یاساكه دهربڕیبو.
محهمهد حلبوسی، سەرۆکی پهرلهمانی عێراق ئهمڕۆ سێشهممه له بهیاننامهیهكدا باسی لهوهكردوه، "یاسای لێبوردنی گشتی یەکێکە لە خواستە بنەڕەتیەکانمان و لە رێککەوتنە سیاسیەکەدا جێگیرکراوە".
ئهگهر ئهو یاسایە ببێتە دروشمێکی هەڵبژاردن ئەوا کۆتایی پێدێت
ئاماژهی بهوهشكرد، ئهگهر ئهو یاسایە ببێتە دروشمێکی هەڵبژاردن ئەوا کۆتایی پێدێت، بۆیه پێویستە دور لە دروشمەکانی هەڵبژاردن كارهكانی دهرچوانی یاسای لێبوردنی گشتی ئهنجامبدرێت.
بڕیاربو یاسای لێبوردنی گشتی دوای پەسەندکردنی بودجەی فیدڕاڵی له پەرلەمانی عێراق دەربکرێت
بڕیاربو یاسای لێبوردنی گشتی دوای پەسەندکردنی بودجەی فیدڕاڵی له پەرلەمانی عێراق لە ژێر ڕۆشنایی ئەو بەڵێنانەی سودانی بە هێزە سوننەکانی دابو، دەربکرێت، بەڵام دهرچوانی یاساكه دواخراوه، لەکاتێکدا زانیاریەکان ئاماژە بە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی پلانەکان بۆ دەرچواندنی ئەو یاسایە دەکەن، بەوەش هاوپەیمانی سەروەری بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمان روبەڕوی هەڵوێستێکی "شەرمەزارکەر" دەبێتەوە لەبەردەم ڕای گشتی سوننەدا، بەتایبەتی تادێت هەڵبژاردنی پارێزگاکان نزیکدەبێتەوە.
هاوپەیمانی فەتح دژایەتی توندی دەرکردنی یاسای لێبوردنی گشتی دەکات
هاوپەیمانی فەتح، کە بە "باڵی سیاسی گروپە چەکدارە دڵسۆزەکان بۆ ئێران" ناودەبرێت، دژایەتی توندی دەرکردنی یاسای لێبوردنی گشتی دەکات، لەکاتێکدا پێشتر محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڵێنی دەرچواندنی یاساکەی بە سوننەکان دابو.
هێزە شیعەکانی لایەنگری ئێران کە ساڵانێکە گۆڕەپانی سیاسی عێراقیان کۆنتڕۆڵ کردوە، هەمیشە بە بیانوی ئەوەی کە چەکدارە تیرۆریستییەکان لە سودمەنداندان، رەتیانکردوەتەوە یاسای لێبوردن دەربکەن، هەرچەندە هێزە سوننەکان نەرمییەکی زۆریان نیشانداوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە دەخرێنە نێو ئەو یاسایەوە کە دەردەکرێت.
لە مانگی تشرینی دوەمیی 2017دا پێشنیاری هەموارکردنەوە لە یاسای لێبوردنی گشتیدا خرایەڕو
لە مانگی (تشرینی دوەم/11)ی 2017دا پێشنیاری هەموارکردنەوە لە یاسای لێبوردنی گشتیدا خرایەڕو، دوای ئەوەی داواکارییەک لەلایەن هێزەکانی ئێستای سەر بە چوارچێوەی هەماهەنگییەوە پێشکەشکرا، دیارترین هەموارکردنەکان بریتی بون لە خستنەڕوی ئەو کەسانەی دەستگیرکراون، کە لەگەڵ ئەو کەسانەدا یەکلایی دەکرێنەوە، کە مافی کەسییان هەیە بۆ لێبوردن، ئەمە جگە لەوەی ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە بەتۆمەتی گەندەڵی و بردنی سامانی گشتی دەستگیرکراون.
لەوکاتەدا بڕگەیەک دیاریکرابو کە لێبوردن هەمو ئەو کەسانە ناگرێتەوە، کە بەپێی یاسای "دژە تیرۆر" کە لە دوای دەی حوزەیرانی 2014وە لە وڵاتدا دەستگیرکراون، کە وادەی کۆنتڕۆڵکردنی بەشێک لەناوچەکانی عێراقە لەلایەن داعشەوە.