خهندان-
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆردومانی فڕۆکەخانەی عەربەت کردەوەیەکی تیرۆرستی بوە، دەبێت حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێم هەوڵبدەن بۆ رێگریکردن لە دوبارەبونەوەی روداوێکی لەوجۆرە و دەشڵێت، "ئەوە یەکەمین هێرش و نییە و دوایین هێرشیش نابێت".
جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە دوای بەشداریکردنی لە پرسەی شەهیدانی هێرشەکەی دوێنێی تورکیا لە فڕۆکەخانەی عەربەت، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا کە پەیامنێری خەندان ئامادەی بو، رایگەیاند، بۆردومانی فڕۆکەخانەی عەربەت، کردەوەیەکی "تیرۆرستی" بو، ئەو پێشمەرگانەی شەهیدیشبون تاکە ئەرکیان پاراستنی هەرێم بوە و رۆڵی دیاریان لە بەرەنگاربونەوەی چەکدارانی داعش هەبوە.
مەبەست لە بۆردومانەکە تێکدانی ئاسایش و ئارامی هەرێمی کوردستانە
ئاماژەی بەوەشکرد، مەبەست لە بۆردومانی دوێنێی فڕۆکەخانەی عەربەت، تێکدانی ئاسایش و ئارامی هەرێمی کوردستانە، بۆ ئەوەیە خەڵکی هەرێم بەردەوام لە دڵە راوکێدا بژین و دەشڵێت، "ئەمە یەکەم بۆردومان نییە و کۆتا دانەش نابێت".
دەبێت سەرۆکایەتی و حکومەتی هەرێمیش دەبێت هەوڵبدەن بۆ رێگریکردن لە روداوێکی لەوجۆرە
جەعفەر شێخ مستەفا ئەوەشی خستەڕو، بەرپرسیاری یەکەمی پاراستنی سنورەکانی هەرێم و تەواوی عێراق لە ئەستۆی حکومەتی ناوەندیدایە، پاشان سەرۆکایەتی و حکومەتی هەرێمیش دەبێت هەوڵبدەن بۆ رێگریکردن لە روداوێکی لەوجۆرە و سەرۆکایەتی هەرێمیش ئەو روداوە بە کردەوەیەکی "تیرۆرستانە" هەژمار دەکات.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ئێوارەی دوێنێ دوشەممە فڕۆکەخانەی عەربەت لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیاوە بۆردومان کرا، لە ئەنجامدا سێ پێشمەرگەی سەر بە هێزەکانی دژە دژەتیرۆری کوردستان (CTG) شەهیدبون و سیانیش برینداربون.