کەجەکە: هەمو هێرشه‌كانی توركیا بە پشتیوانی خیانەتکاران ئەنجامدەدرێن

04:43 - 19/09/2023

1632جار خوێندراوەتەوە

دیمەنی دوای بۆردومانەکەی تورکیا لە فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت

خه‌ندان-

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی کەجەکە له‌باره‌ی هێرشه‌كانی توركیا له‌ هه‌رێمی كوردستان و رۆژئاڤای كوردستان، رایگه‌یاند، لە هەمو ئەو هێرشانەدا "پەنجەی خیانەت" بونی هەیە، ئەو هێرشانە نەک بە هێزی دوژمن، بەڵکو بە پشتیوانی خیانەتکاران ئەنجامدەدرێن، ئەوەش بەئازارە، بەڵام راستییە، ده‌شڵێت، "پەیوەندی بارزانییەکان و دەوڵەتی تورکیا خیانەتێکی ئاشکرایە و ئەو هێرش و شەهیدبونانە هەموی بەهۆی ئەوەوەیە".

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی کەجەکە له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا له‌باره‌ی هێرشه‌كانی توركیا له‌ هه‌رێمی كوردستان و رۆژئاڤای كوردستان، باسی له‌وه‌كردوه‌، "دەوڵەتی تورکیا هێرشەکانی زیادتر کردوە، لەم دواییانەدا لە سلێمانی و هەولێر هێرش ئەنجامدرا، دو ڕۆژ پێش ئێستا لە ڕۆژئاوا و شەنگال هێرش ئەنجامدرابون، ئەو هێرشانە شەهیدیان لێکەوتەوە، لەلایەکی ترەوە بە شێوەیەکی بێوچان لەدژی بزوتنەوەکەمان و گەریلا هێرش ئەنجام دەدات، گەریلا لە دژی ئەو هێرشانە خۆڕاگری دەکات، لە کەسایەتی ئەوانەی لەو هێرشانەدا تیرۆرکراون و شەهیدبون، هەمو شەهیدانی شۆڕش و دیموکراسی بە ڕێز و پێزانینێکی گەورەوە یادیان دەکەینەوە".

پەیوەندی بارزانییەکان و دەوڵەتی تورکیا خیانەتێکی ئاشکرایە و ئەو هێرش و شەهیدبونانە هەموی بەهۆی ئەوەوەیە
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، لە هەمو ئەو هێرشانەدا "پەنجەی خیانەت" بونی هەیە، ئەو هێرشانە نەک بە هێزی دوژمن، بەڵکو بە پشتیوانی خیانەتکاران ئەنجام دەدرێن، ئەو هێرشە خیانەتکارانەیە شەهیدیان لێدەکەوێتەوە، ئەوەش بەئازارە، بەڵام راستییە، "پەیوەندی بارزانییەکان و دەوڵەتی تورکیا خیانەتێکی ئاشکرایە و ئەو هێرش و شەهیدبونانە هەموی بەهۆی ئەوەوەیە، دەبێت هەمو کەس ئەو راستیە ببینێت و قەبوڵی بکات".
ئەگەر ئەو دۆخە زیاتر چاوپۆشی لێبکرێت، ئەوکاتە وەک گەل ئێمە دەکەوێنە دۆخێکی بەئازارتر 
کەجەکە ده‌ڵێت، "ئەگەر ئەو دۆخە زیاتر چاوپۆشی لێبکرێت و هەڵوێستی پێویست بەرامبەر نەگیرێتەبەر، ئەوکاتە وەک گەل ئێمە دەکەوێنە دۆخێکی بەئازارتر و خراپتر، ئەگەر هەڵوێستی پێویست بەرامبەر بە خیانەت نیشان نەدرێت، ئەو داوەی لەسەر خیانەت سازکراوە دەگاتە ئەنجام، کوردێک نییە کە نەزانێت ئەو داوە چییە، ئەو داوە پلانی دەوڵەتی تورکە بۆ کۆتاییهێنان بە کورد و کوردایەتی لە رێگەی کۆمەڵکوژی و جینۆسایدەوە".
دوای ئەوەی هاکان فیدان سەردانی عێراق و باشوری کوردستانی کرد هێرشەکان زیاتر بون
باسی له‌وه‌شكردوه‌، "دوای ئەوەی هاکان فیدان سەردانی عێراق و باشوری کوردستانی کرد و دیداری ئەنجامدا، هێرشەکان زیاتر بون، ئەو روداوانەی لە رۆژانی رابردودا لە هەرێمی برادۆست رودەدەن دەریدەخەن کە پلانی نوێ جێبەجێ دەکرێن و دەخوازرێت کە دەوڵەتی عێراقیش لەو پلانەدا بەشداری پێبکرێت، لە هەرێمی برادۆست هەوڵ دەدرێت بچنە ناو گۆڕەپانەکانی گەریلاوە، گوشار دەخرێتە سەر گەل کە ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن، ئاشکرایە کە ئەمە ئامادەکارییە بۆ هێرش و بەشێکە لە پلانی داگیرکەری  تورکیا، ئەوەی لە کەرکوکیش دەکرێت بەشێکە لەو پلانە".
تائێستا لە دژی خیانەت هەڵوێستێکی راست و پێویست نیشان بدرایە، دۆخەکە نەدەگەیشتە ئەم ئاستە
ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "ئەگەر تائێستا لە دژی خیانەت هەڵوێستێکی راست و پێویست نیشان بدرایە و رێگری لە ناڕەزایەتی گەل نەکرایە، دۆخەکە نەدەگەیشتە ئەم ئاستە، دوژمن نەیدەتوانی بکەوتایە ناو پلانێکی هێرشبەرانەی بەم جۆرە، ئەو هەمو ئازارە نەدەچێشران و زیانی گیانی نەدەهاتنە ئاراوە، هۆکاری ئەوەش بە دڵنیاییەوە ئەوەیە کە رۆشنبیران، نوسەران و هونەرمەندان کە هۆشمەندی، دەنگ و ویژدانی کۆمەڵگان، رێکخراوەکان و پارتی و دامەزراوەکان لە دژی خیانەت هەڵوێستی پێویستیان نیشان نەداوە، ئەو دۆخە بوێری بە خیانەت دەبەخشێت و دەبێتە مایەی ئەوەی خیانەت رۆژ لە دوای رۆژ قوڵتر ببێتەوە".
ئەو روداوە زۆر واتادارە کە هێرش لە دژی کەنەکە ئەنجامدراوە
په‌یوه‌ست به‌ تیرۆركردنی دەنیز جەودەت بولبول، ئه‌ندامی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان (كه‌نه‌كه‌) له‌ هه‌ولێر، له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی كه‌جه‌كه‌دا هاتوه‌، "ئەو روداوە زۆر واتادارە کە هێرش لە دژی کەنەکە ئەنجامدراوە، کەنەکە لەپێناو دەستەبەرکردنی یەکێتی نەتەوەیی کورداندا لە ناو هەوڵدانێکی گرنگدایە، لەماوەی رابردودا بەو ئاڕاستەیە کاری زۆر گرنگی ئەنجامداوە، یەکێك لەو کارە گرنگانەشی سازکردنی کۆنفڕانسی 100 ساڵەی پەیمانی لۆزان بو لە شاری لۆزان، لەو کۆنفڕانسەدا گفتوگۆی گرنگ ئەنجامدران، لەپێناو یەکێتی و یەکڕیزیی گەلی کورددا بڕیاری گرنگ دەرچون".