بێگەرد تاڵەبانی: وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق هۆکاری ساغنەبونەوەی بەرهەمی جوتیارانی هەرێمە

02:18 - 19/09/2023

1533جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

وەزیری کشتوکاڵ هەرێم رایگەیاند، حکومەتی بەغدا پابەندی رۆژمێری کشتوکاڵی نەبون و ئەوەش هۆکاری ساغنەبونەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی جوتیارانی هەرێمە، لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق گفتوگۆیان کردوە، بڕیاریان داوە ئەو بەرهەمانەی شارەکانی عێراقەوە هاوردەی هەرێم دەکرێن قەدەغەبکرێت.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند،  لەگەڵ حکومەتی عێراق کاردەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێسەی ساغنەکردنەوەی بەرهەمی جوتیارانی هەرێم، بەڵام حکومەتی بەغدا پابەندی رۆژمێری کشتوکاڵی نابێت.

پێویستە حکومەتی بەغدا پابەندی پلان و رێکارەکانی رۆژمێری کشتوکاڵی بێت

ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەر ئەو پرسە و ناڕەزایەتی جوتیارانی هەرێم لەگەڵ فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق گفتوگۆیان کردوە، هەرێم پابەندە بە رۆژمێری کشتوکاڵییەوە، بۆیە پێویستە حکومەتی بەغداش پابەندی پلان و رێکارەکانی رۆژمێری کشتوکاڵی بێت.

بڕیاریانداوە هاوردەی بەرهەمی شارەکانی عێراق لە هەرێم قەدەغەبکەن

ئەوەشی خستەڕو، لەبەر ئەوەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق پابەند نەبوە بە رێکارە کشتوکاڵییەکان و بۆ ئەوەی پارێزگاری لە بەرهەمی ناوخۆش بکەن، بڕیاریانداوە هاوردەی ئەو بەرهەمانە لە بازگەکان قەدەغەبکەن، کە لە شارەکانی عێراقەوە دێنە هەرێم.

خواستی لەسەر بەرهەمی کشتوکاڵی هەرێم لە وڵاتانی کەندا و ئەوروپا زۆرە

بێگەرد تاڵەبانەی باسی لەوەشکرد، ئەو بەرهەمانەی لە پێداویستی ناوخۆیی زیادەن، دەخرێنە بەرنامە و بەهەماهەنگی لەگەڵ نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، بەپێی کوالێتی و خواستی وڵاتان هەناردەی بازاڕە جیهانییەکانی دەکەن و دەشڵێت، "خواستی لەسەر بەرهەمی کشتوکاڵی هەرێم لە وڵاتانی کەندا و ئەوروپا زۆرە."

ئەوەش لە کاتێکدایە، بەشێک لە جوتیارانی قەزای پێنجوێن دژی ساغنەکردنەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان گردبونەوە.