قەیس خەزعەلی له‌باره‌ی هێرشكردنه‌ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی عه‌ربه‌ت په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌

11:50 - 18/09/2023

9227جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق له‌باره‌ی هێرشكردنه‌ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی عه‌ربه‌ت، رایگه‌یاند، سەروەریی عێراق و بەرگریکردن لێی نه‌گۆڕه‌ و سازشی لەسەر ناکرێت، موجامەلەشی تێدا ناکرێت، ده‌شڵێت، "پێویستە لەسەر حکومەتی عێراق و سەرجەم هێزە سیاسییەکان یەکڕیزبن بۆ راگرتنی ئەو پێشێلکارییە".

قەیس خەزعەلی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی عه‌ربه‌ت، رایگه‌یاند، "سەروەریی عێراق و بەرگریکردن لێی لای ئێمه‌ نه‌گۆڕه‌ و سازشی لەسەر ناکرێت، تەنانەت موجامەلەشی تێدا ناکرێت، ئەوەی لە فڕۆکەخانەی عەربەت لە پارێزگای سلێمانی رویدا بە پێشێلکارییەکی رونی عێراق دەزانین".

پێویستە لەسەر حکومەتی عێراق و سەرجەم هێزە سیاسییەکان یەکڕیزبن
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "پێویستە لەسەر حکومەتی عێراق و سەرجەم هێزە سیاسییەکان یەکڕیزبن بۆ راگرتنی ئەو پێشێلکارییە بەردەوامانەی هەیە".
فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان فڕۆكه‌خانه‌ی كشتوكاڵی عه‌ربه‌تی كرده‌ ئامانج و به‌هۆیه‌وه‌ سێ پێشمه‌رگه‌ی دژەتیرۆر شه‌هیدبون 
پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان فڕۆكه‌خانه‌ی كشتوكاڵی عه‌ربه‌تی كرده‌ ئامانج و به‌هۆیه‌وه‌ سێ پێشمه‌رگه‌ی دژەتیرۆری کوردستان (CTG) شه‌هیدبون و سێ پێشمه‌رگه‌ی دیكه‌ش برینداربون.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆری کوردستان (CTG) له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردوه‌، "پاشنیوەڕۆی رۆژی دوشەممە فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت  لە سلێمانی لەلایەن داگیرکەران و ناحەزانی ئارامی و ئاسایشی هەرێم بە فرۆکەی بێفڕۆکەوان کرایە ئامانج کە بەداخەوە سێ هەڤاڵ و پێشمەرگەی قارەمانی دژەتیرۆری کوردستان شەهیدبون و 3 پێشمەرگەی تریشمان برینداربون".
لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەم تاوانە تیرۆریستییە دەستپێکردوە کە بەچاوساغی نۆکەرانی بێگانە ئەنجامدرا
ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، "لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەم تاوانە تیرۆریستییە دەستپێکردوە کە بەچاوساغی نۆکەرانی بێگانە و سیخوڕانی ناوخۆیی ئەنجامدرا، بێسزا تێناپەڕێت و هەر لایەن و جاسوسێک هاوکاربوبیت روبەڕوی سزاو یاساو ویژدانی نەتەوەکەمانی دەکەینەوەو تۆڵەی شەهیدەکانمان لە ئەستۆی ئێمەیە و ناهێڵین خوێنی گەشیان  بەهەدەربڕوات".