ئێران داوای 22 سه‌ركرده‌ی رۆژهه‌ڵات ده‌كات؛ باره‌گه‌كانیشیان لەلایەن ئاسایشی هه‌رێمه‌وه‌ کۆنتڕۆڵ‌ دەکرێن

09:35 - 18/09/2023

12574جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

بنکەو بارەگای حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لەلایەن هێزەکانی ئاسایشییەکانی هەرێمی کوردستانەوە کۆنتڕۆڵ‌ دەکرێن و سەرچاوەیەکی نزیکیش لە حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران رایگەیاند، ئێران لە ڕێگەی عێراقەوە داوای دەستگیرکردن و ڕادەستکردنی 22 سەرکردەی حزبە کوردییەکان دەکات، لە حاڵەتی ڕادەست نەکردنیشیاندا هۆشداری داوەتە عێراق و هەرێمیش.

سەرچاوەیەکی نزیک لە حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاندوه‌، "ئێران لەلایەن عێراقەوە ئاگادارکراوەتەوە، ئەگەر ئەو 22 سەرکردە کوردەی حزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی ڕادەست نەکرێت، خۆی لە ناو خاکی هەرێمی کوردستاندا هێرش دەکاتە سەریان".

ئەگەر ئەو 22 سەرکردەیە رادەستنەکرێن، هێرش دەکەین
بەوتەی سەرچاوەکان بەشێک لە ناوەکان بریتین لە، مستەفا هیجری، ڕەزا کەعبی، عومەر ئیلخانیزادە، نەوید میهراوەر، کاوە بەهرامی، محەمەد ساحیبی، محەمەد نەزیف قادری، مستەفا مەولودی، حسێن یەزدانپەنا، ئەمجەد پەناهی، کاکو عەلیار، عەبدوڵا ئازەربار و چەند کەسێکی تر.

عەبدوڵا ئاکرەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ ئێران، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "ئاگاداری وردەکاری گفتوگۆکانی نێوان ئێران و عێراق و هەرێم نیم لەبارەی چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەی حزبە کوردییەکانەوە".
سبەی ئەو وادەیە کۆتایی دێت کە ئێران دیاریکردبو بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان
19ی ئه‌م مانگه‌، ئەو وادەیە کۆتایی دێت کە ئێران دیاریکردبو بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، تا حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی لە چەک دابماڵن.

سەرچاوە نزیکەکە لە حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران، وتی، "هێزەکانی ئاسایشی هەرێم لە بارەگاکانی کۆمەڵە و دیموکرات لە زڕگوێز و کۆیە جێگیرکراون، هیچ چەکدارێک لە ناو بارەگاکاندا نەماون".
بەشێک لە ئۆردوگاکان ژن و منداڵیان تێدایە و هەندێکی تریشیان ئۆردوگاکانیان جێهێشتوە
سەرچاوەکە وتیشی، "بەشێک لە ئۆردوگاکان ژن و منداڵیان تێدایە و هەندێکی تریشیان ئۆردوگاکانیان جێهێشتوە، هیچ دیاردەیەکی چەکداری لە ئۆردوگای حزبە کوردییەکان نەماوە".

بەپێی زانیارییەکان، شەوی دوشەممە لەسەر سێشەممە، گومانی سوڕانەوەی درۆنی ئێرانی بەسەر ناوچەی زڕگوێز و کۆیە دەکرێت، بۆیە بەشێک لەو خێزانانەی لە ناو ئۆردۆگاکاندا مابوونەوە، ئەوانیش ماڵ و حاڵیان جێهێشتوە.

هاوكات قاسم ئەعرەجین ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بۆ لە نزیکەوە چاودێریکردنی ئەو ڕێوشوێنانەی بەرامبەر حزبە کوردییەکان گیراونەتە بەر، سەردانی شاری هەولێری کرد.
هەفتەی ڕابردو هێزە چەکدارەکانی سەربەو دوو پارتە لە ناوچە سنورییەکانی ئێران کشانەوە
کۆنتڕۆڵکردنی بنکە و بارەگای حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە ناوچەی زڕگوێز و کۆیە لە کاتێکدایە، هەفتەی ڕابردو هێزە چەکدارەکانی سەربەو دوو پارتە لە ناوچە سنورییەکانی ئێران کشانەوە.
بۆ ئەوەی هەرێم توشی گرفت نەبێت، هێزەکانمان لە سنور کشاندوەتەوە
ئەمجەد پەناهی، ئەندامی کۆمیسیۆنی نیزامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بۆ ئەوەی هەرێم توشی گرفت نەبێت، هێزەکانمان لە سنور کشاندوەتەوە، بارەگاکانیشمان تەنها خەڵکی سڤیلی تێدایە".

بەپێی وتەی سەرچاوەیەکیش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، چیتر ڕێگە بە حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران نادەن، هاوشێوەی جاران چەکداربن، چونکە هەرێم لە ژێر فشاری گەورەدایە.
رێوشوێنەکان بەرامبەر حزبە کوردییەکانی ئێران باش بەڕێوەدەچن
سەعد مەتڵەبی، سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالکی، بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، "رێوشوێنەکان بەرامبەر حزبە کوردییەکانی ئێران باش بەڕێوەدەچن، چیتر ڕێگە بەو حزبانە نادرێت هێرش بکەنە سەر ئێران و ئێرانیش وەڵامبداتەوە، لەو نێوەندەدا خەڵکی عێراقی بکوژرێت."
ئەنجامدانی چالاکی سەربازی و هەبونی بنکەی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتی دراوسێ لە عێراق بەپێی دەستور رێگە پێنەدراوە
هەروەها وتیشی، "ئەنجامدانی چالاکی سەربازی و هەبونی بنکەی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتی دراوسێ لە عێراق بەپێی دەستور رێگە پێنەدراوە، بەڵام ئەنجامدانی کاری سیاسی ئاساییە".

هەرچەندە بارەگاکان لە هێزی چەکداری چۆڵ کراون، بەڵام هەتا ئێستا چۆنیەتی لە چەک داماڵینی ئەو هێزە کوردییانە یەکلایی نەکراوەتە.