سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری: داوا له‌ عێراق دەکەین بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکانی رابپەڕێنێت

09:00 - 18/09/2023

3249جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

جەلال شێخ ناجی، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری، رایگه‌یاند، بەتوندترین شێوە سه‌ركۆنه‌ کردەوە تیرۆریستییەکەی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت لە سلێمانی دەکەن كه‌ سێ  پێشمەرگەی دژەتیرۆری کوردستانمان شەهیدبون، ده‌شڵێت، "کۆمەڵانی خەڵک دڵنیادەکەینەوە سەقامگیری و ئاسایش لەپێشینەی کارەکانمانە و بەھەمو ھەوڵێکمانەوە روبەڕوی تەحددییە ئەمنییەکان دەبینەوە".

جەلال شێخ ناجی له‌ په‌یامێكدا له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی كشتوكاڵی عه‌ربه‌ت، رایگه‌یاند، "بەتوندترین شێوە سه‌ركۆنه‌ کردەوە تیرۆریستییەکەی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت لە سلێمانی دەکەین، کە بەهۆیەوە سێ هەڤاڵ و پێشمەرگەی قارەمانی دژەتیرۆری کوردستانمان شەهیدبون  و سێ پێشمەرگەی دیکەشمان  برینداربون".

 کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دڵنیادەکەینەوە سەقامگیری و ئاسایش لەپێشینەی کارەکانمانە
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "وێڕای دەربڕینی سەرەخۆشی و هاوخەمی قوڵی خۆمان بۆ کەسوکارە سەربەرزەکانیان و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆری کوردستان هیوای زوچاکبونەوەش بۆ بریندارەکانمان دەخوازین، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دڵنیادەکەینەوە سەقامگیری و ئاسایش لەپێشینەی کارەکانمانە و بەھەمو ھەوڵێکمانەوە روبەڕوی تەحددییە ئەمنییەکان دەبینەوە و لەبەرامبەر ئەم تاوانەش کە بەزاندنی ئاشکرای خاک و ئاسمانی هەرێم و عێراقە سورترمان دەکات کە ئاسایشی نیشتمانیی هەرێمەکەمان بپارێزین و دەرفەت نەهێڵینەوە بۆ ناحەزانمان ئارامیمان تێکبدەن".
داوا لە حکومەتی فیدڕاڵی عێراق دەکەین کە بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکانی سەرشانی جددی تر رابپەڕێنێت
سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری ده‌ڵێت، "داوا لە حکومەتی فیدڕاڵی عێراق دەکەین کە بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکانی سەرشانی جددی تر رابپەڕێنێت و رێگری بکەن لەم پێشێلکاریانە کە سەقامگیری وڵاتەکەمان دەخاتە مەترسییەوە".

پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان فڕۆكه‌خانه‌ی كشتوكاڵی عه‌ربه‌تی كرده‌ ئامانج و به‌هۆیه‌وه‌ سێ پێشمه‌رگه‌ی دژه‌ تیرۆر شه‌هیدبون و سێ پێشمه‌رگه‌ی دیكه‌ش برینداربون.