بافڵ جەلال تاڵەبانی په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌: ناكرێت بكرێینە ئامانجی كردەوەی تیرۆریستیی

07:50 - 18/09/2023

4223جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

بافڵ جەلال تاڵەبانی، ‏‎سەرۆکی یەکێتیی له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی عه‌ربه‌ت رایگه‌یاند، ‎ئەو کردەوە تاوانکارییە بەئاشکرا بەزاندنی سنوری هەرێم و عێراقە و لەچوارچێوەی ئەو پیلانانەدایە کە ئامانج لێی تێكدانی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت سنووری سلێمانییە، ده‌شڵێت، "ئێمه‌ پێشڕەوی روبەڕوبونەوەی تیرۆربوین و قوربانیی گەورەمان داوە، ناكرێت بكرێینە ئامانجی كردەوەی تیرۆریستیی لەمشێوەیە".

بافڵ جەلال تاڵەبانی له‌ په‌یامێكدا له‌باره‌ی هێرشكردنه‌ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی عه‌ربه‌ت، رایگه‌یاند، "بە توندترین شێوە سه‌ركۆنه‌ی هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت لە سلێمانی دەکەین كە شەهیدبون و برینداربونی شەش پێشمەرگەی قارەمانی دژەتیرۆری كوردستانی لێكەوتەوە".

ئەم کردەوە تاوانکارییە لەچوارچێوەی ئەو پیلانانەدایە کە ئامانج لێی تێكدانی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمە
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "‎ئەم کردەوە تاوانکارییە بەئاشکرا بەزاندنی سنوری هەرێم و عێراقە و لەچوارچێوەی ئەو پیلانانەدایە کە ئامانج لێی تێكدانی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت سنووری سلێمانییە".
ئەركی هەمولایەنە سیاسییەکانی هەرێمە پێکەوە روبەڕوی مەترسییەكان و ئاڵنگارییە ئەمنییەكان ببینەوە
بافڵ جەلال تاڵەبانی ده‌ڵێت، "‏‎لەبەرامبەر چەندبارەبونەوەی ئەم پێشێلکارییە، ئەركی هەمولایەنە سیاسییەکانی هەرێمە پێکەوە روبەڕوی مەترسییەكان و ئاڵنگارییە ئەمنییەكان ببینەوە و كوردستان لە ناحەزان و دوژمنكاران بپارێزین".
 داوا لە حکومەتی عیراقیش دەکەین کە ئەرکی دەستوریی و نیشتمانیی خۆی رابپەڕێنێت 
ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، "‏‎وێڕای دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشیی قووڵمان بۆ کەسوکار و خانەوادەی سەربەرزی هەر سێ شەهیدی قارەمانی دژەتیرۆر کە شەهیدی ئارامیی کوردستانن، هیوای زو چاکبونەوەش بۆ برینداران دەخوازم، هەروەها دەستبەجێ داوای راگرتنی ئەم ھێرشانە دەکەین و داوا لە حکومەتی عیراقیش دەکەین کە ئەرکی دەستوریی و نیشتمانیی خۆی لە پاراستنی خاک و ئاسمانی عیراق بە کوردستانیشەوە رابپەڕێنێت و چیتر رێگە بەم پێشلکارییانە نەدرێت".
‏‎داوا لە هەمو دۆستانمان، وڵاتانی جیهان و سەرجەم ئازادیخوازان دەكەین هەڵوێستی جدییان هەبێت
بافڵ جەلال تاڵەبانی ده‌ڵێت، "‏‎داوا لە هەمو دۆستانمان، وڵاتانی جیهان و سەرجەم ئازادیخوازان دەكەین هەڵوێستی جدییان هەبێت و هاودەنگمانبن بۆ راگرتنی ئەم كردەوە تیرۆریستیانە، ئێمەی كورد كە لە ساڵانی رابردودا پێشڕەوی روبەڕوبونەوەی تیرۆربوین و قوربانیی گەورەمان داوە، ناكرێت بكرێینە ئامانجی كردەوەی تیرۆریستیی لەمشێوەیە".

سه‌رۆكی یه‌كێتی ئه‌وه‌شی نوسیوه‌، "‏‎پشت بەخوای گەورە و ئێوە پێکەوە بەسەر ئەم دۆخەشدا زاڵدەبین و بە یەكگرتووییمان سەقامگیریی لە هەرێمەكان بەرقەرار دەكەین و رووبەڕووی هەموو ئاڵنگارییەكان دەبینەوە".

نیشانەکردن

بافل تاڵەبانى