خهندان-
جێگری وەزیری بەرگری ئۆکرانیا رایگەیاند، لە ماوەی هەفتەیەکدا مەودای دو کیلۆمەتر چوارگۆشەیان لە خۆرهەڵاتی باخمۆت کۆنتڕۆڵکردوە، لە ئێستاشدا بە ئاڕاستەی دەریای ئازوف دەچن و بەردەوام بەرهەڵستی لە هێرشی هێزەکانی ئۆکرانیا دەکەن.
ئەو ناوچانە ماوەی سێ مانگە لە ژێردەستی هێزەکانی روسیایە
هانا مایلار جێگری وەزیری بەرگری ئۆکرانیا رایگەیاند، لە ماوەی هەفتەی رابردو بە مەودای دو کیلۆمەتر چوارگۆشەیان لە دەوروبەری شاری باخمۆتی رۆژهەڵاتی وڵاتەکەیان کۆنتڕۆڵکردوەتەوە، ئەو ناوچانەش ماوەی سێ مانگە لە ژێردەستی هێزەکانی روسیایە.
تا ئێستا 51 کیلۆمەتر چوارگۆشەیان لە باخمۆت کۆنتڕۆڵکردوەتەوە
جێگری وەزیری بەرگری ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەشکرد، گوندەکانی ئەندریفکا و کلیچیفکایان، لە بەشی باشوری باخمۆت کۆنتڕۆڵکردوەتەوە، لە سەرەتای دەستپێکی هێرشی هەڵگەڕاوەی هێزەکانیانەوە، 51 کیلۆمەتر چوارگۆشەیان لە نزیک باخمۆت کۆنتڕۆڵکردوەتەوە.
بەردەوام بەرهەڵستی لە هێرشەکانی روسیا دەکەن
ئەوەشی خستەڕو، لە ئێستادا هێزەکانی ئۆکرانیا بەردەوام بەرهەڵستی لە هێرشی روسیا بۆ سەر شارەکانی ئەفدیفکا و مارینکا لە باشوری هەرێمی دۆنێتسک دەکەن، هەروەها هەوڵ دەدەن بە ئاڕاستەی دەریای ئازوف بەرەوپێشبچن.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەی سێ مانگە هێرشی هەڵگەڕاوەی ئۆکرانیا دەستیپێکردوە، تا ئێستاش توانیویانە مەودای 260 کلیۆمەتر چوارگۆشە لە باشوری وڵاتەکە کۆنتڕۆڵبکەنەوە.