ئامانجی سەردانەکەی سودانی بۆ ئەمریکا ئاشکرا دەکرێت

01:29 - 18/09/2023

3160جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتە ئەمریکا و بەشداری لە کۆبونەوەی نەتەوەیەکگرتوەکان دەکات و لەگەڵ وەزیری دەرەوە و سەرۆکی ئەمریکا باس لە پرسە ئەمنییەکانی سنوری سوریا و نوێکارییەکانی کەرتی بانکی و نەختینەیی عێراق دەکرێت.

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ بەشداریکردنی لە کۆبونەوەی نەتەوەیەکگرتوەکان، گەیشتە ئەمریکا و بەشداری لە کۆبونەوەی نەتەوە یەکگرتوەکان دەکات، کە بڕیارە سبەی سێشەممە لە نیویۆرک بەرێوەبچێت. 

پێشهاتە ئەمنییەکانی سنوری سوریا و گرفتەکانی کەرتی بانکی و نەختینەیی عێراق تاوتوێ دەکرێت

بە وتەی چەند سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق، بڕیارە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران لەگەڵ جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمریکا  و ئەنتۆنی بلینکنی وەزیری دەرەوە کۆببێتەوە و لە بارەی دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی سنوری هاوبەشی سوریا  و عێراق و پرسەکانی دیکەی وەک کەرتی بانکی و نەختینەیی عێراق باسبکرێت.

140 سەرکردەی وڵاتانی جیهان ئامادەیان لە کۆبونەوەی نەتەوەیەکگرتوەکان دەبێت

ئەوەش لە کاتێکدایە، سبەی سێشەممە کۆبونەوەی نەتەوەیەکگرتوەکان لە نیویۆرک بە دروشمی "زیندوکردنەوەی کارنامەی 2030" بەرێوەدەچێت، لەو بارەیەوە ئەنتۆنیۆ گۆتەرێز ئەمینداری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاند، 140 سەرکردەی وڵاتانی جیهان ئامادەیان لە کۆبونەوەی ئەمجارە دەبێت.
زیندوکردنەوەی کارنامەی 2030 تایبەتە بەکاروباری گەشەپێدانی بەردەوام، تایبەتە بە پاراستنی ژینگە و  سنوردارکردنی سامانە سروشتییەکان و تێرکردنی وڵاتە برسییەکان و پشتیوانیکردن لە وڵاتە هەژارەکان.

 

نیشانەکردن