خهندان-
ئەندامێکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاوی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بڕی سێ ملیۆن 700 هەزار دۆلار لەلایەن حکومەتی کەنەداوە بۆ بوژاندنەوەی زۆنگاوەکانی باشوری عێراق تەرخانکراوە، لە رێگەی ئەو بڕە پارەیەوە کەرتی ئاژەڵداری ئەو ناوچەیە بەرەوپێش دەبرێت و ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتوانەکەی دابین دەکرێت.
ئیبتسام هیلالی ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاوی پەرلەمانی عیراق رایگەیاند، حکومەتی کەنەدا بڕی سێ ملیۆن و 700 هەزار دۆلاری تەرخانکردوە بۆ زیندوکردنەوەی زۆنگاوەکانی ناوچەکانی باشوری عێراق، بە تایبەتی زۆنگاوەکانی پارێزگای زی قار.
پەرە بە ژیانی خەڵکی ئەو ناوچانە دەدرێت و ئاوی خواردنەوەیان بۆ دابین دەکرێت
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بڕە پارەیەی لەلایەن کەنداوە تەرخانکراوە، بۆ پڕۆژەی بوژاندنەوەی زۆنگاوەکانی عێراقە، لە رێگەیەوە پەرە بە ژیانی خەڵکی ئەو ناوچانە دەدرێت و ئاوی خواردنەوەیان بۆ دابین دەکرێت، هەروەها کەرتی ئاژەڵداری بەرەوپێش دەبرێت.
ئەو ناوچانەی عێراق توشی کارەساتێکی مرۆیی و ژینگەیی گەورەبوەتەوە
ئەوەشی خستەڕو، پڕۆژەکە بە ئامانجی پاراستنی زۆنگاوەکان و میراتی جیهانی لە وشکبونەوە و گۆڕانی کەشوهەوا کاردەکات، چونکە لە ئێستادا ئەو ناوچانەی عێراق توشی کارەساتێکی مرۆیی و ژینگەیی گەورەبوەتەوە لە ئەنجامی کەمبونەوەی ئاو.
ئەوەش لە کاتێکدایە، بەهۆی کەمی باران بارین لە وەرزی زستانی ساڵی رابردو، زۆنگاوەکانی باشوری عێراق لەمساڵدا بەرەنگاری وشکەساڵییەکی توند بونەوە.