خەندان-
ئالینا ڕۆمانۆسكی باڵیۆزی ئه‌مریكا له به‌غدا، ستایشی بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقی كرد له‌به‌رامبه‌ر پێدانی دو ترلیۆن و 100 ملیار دینار به‌قه‌رز به حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌مه‌به‌ستی پێدانی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران.
ئالینا ڕۆمانۆسكی له پۆستێكدا له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له پلاتفۆڕمی ئێكس (تویته‌ری پێش‌و) نوسیویه‌تی، "ده‌ستخۆشی له‌و هه‌وڵانه ده‌كه‌ین كه له نێوان حكومه‌تی عێراق و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا دراون بۆ گه‌یشتن به چاره‌سه‌ر له‌سه‌ر بودجه و جێبه‌جێكردنی، وه‌ك بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆ ناردنی پاره بۆ چه‌ند مانگی داهاتو".
ئێمه به‌وپه‌ڕی خۆشحاڵییه‌وه چاوه‌ڕێی به‌رده‌وامبونی گفتوگۆ ده‌كه‌ین
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "ئێمه به‌وپه‌ڕی خۆشحاڵییه‌وه چاوه‌ڕێی به‌رده‌وامبونی گفتوگۆ ده‌كه‌ین بۆ گه‌یشتن به چاره‌سه‌رێكی هه‌میشه‌ییتر له به‌رژه‌وه‌ندی ته‌واوی گه‌لی عێراق".
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق له كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆیدا بڕیاریدا بڕی دو ترلیۆن و 100 ملیار دینار بۆ هه‌رێمی كوردستان ره‌وانه بكرێت و بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ش وه‌زاره‌تی دارایی فیدڕاڵی راسپارد، رێكاره‌كانی ناردنی ئه‌و پاره‌یه وه‌كو قه‌رز بۆ هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێبكات كه مانگانه ده‌نێردرێت و له مانگی (ئه‌یلول/9)ی 2023ه‌وه خه‌رجده‌كرێت.
له‌به‌رامبه‌ریشدا، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گه‌شبینی خۆی به‌جێبه‌جێكردنی رێكه‌وتنه‌كه‌ی هه‌ولێر و به‌غدا ده‌ربڕی و رایگه‌یاند، "توانیمان به‌رگری له مافی خه‌ڵكی كوردستان بكه‌ین و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی فیدراڵ محه‌مه‌د شیاع سودانی بگه‌ینه ڕێككه‌وتنێكی گونجاو ، بۆ دابینكردن موچه‌ی هاوڵاتیان".