بۆ زیادکردنی موچەی خانەنشینی خۆپیشاندان لە سویسرا ئەنجامدەدرێت

06:07 - 17/09/2023

762جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

خۆپیشاندانێکی بەرفراون لە بێرنی پایتەختی سویسرا بۆ زیادکردنی موچەی خانەنشینی و کەمکردنەوەی نرخی بیمەی تەندروستی لە بەردەم باڵەخانەی حکومەت و پەرلەمان بەرێوەچو، نزیکەی 20 هەزار کەس بەشداربون.

چەند رێکخەرێکی کۆمەڵایەتی سەر بە چوارچێوەی هاوپەیمانی سویسرا رایانگەیاند، نزیکەی 20 هەزار کەس لە بێرنی پایتەختی سویسرا لەبەردەم کۆشكی فیدڕاڵی و باڵەخانەی حکومەت و پەرلەمان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

پارەی پێویست هەیە بۆ ئەوەی هەموان لە دۆخێکی باشدا بژین

ئاماژەیان بەوەشکرد، خۆپیشاندانی ئەمڕۆ فراوانە و هەڵگری دروشمێکی رونە ئەویش "لە وڵاتێکی دەوڵەمەندی وەک سویسرا، پارەی پێویست هەیە بۆ ئەوەی هەموان لە دۆخێکی باشدا بژین"ە.

نرخی بیمەی تەندروستی مانگانە سەدان یۆرۆیە

ئەوەشیان خستەڕو، داوا لە دەسەڵاتداران دەکەن رێکاری خێرا و پێویست بگرنە بەر بۆ کەمکردنەوەی نرخی بیمەی تەندروستی کە مانگانە سەدان یۆرۆیە، کە لەم چەند ساڵەدا بەو شێوەیە بەرزبوەتەوە.

ناکرێت ئەو دۆخە بەو شێوەیە بەردەوام بێت

لەلایەکی دیکەوە یەکێتی سەندیکاکانی سویسرا کە لە 20 سەندیکا پێکهاتوە رایگەیاند، بە ئاسانی ملیۆنەها یۆرۆ لە بانکەکاندا دەدۆزرێتەوە، بەڵام هێشتا هاوڵاتیان دەبێت خەرجییەکانیان سنودرادبێت، ناکرێت ئەو دۆخە بەو شێوەیە بەردەوام بێت."

ئەوەش لەکاتێکدایە، چەند سەندیکا و حزبێکی سویسرا بانگەشەی هاوڵاتیانی وڵاتەکەیان کرد بۆ بەشداربون لە خۆپیشاندان لە پێناو زیادکردنی موچەی خانەنشینی و کەمکردنەوەی نرخی خزمەتگوزارییەکان.

لە ئێستادا خۆپیشاندان لە بێرنی پایتەختی سویسرا بەرێوەدەچێت، لە رۆژی 21ی مانگی (تشرینی یەکەم)یش هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجامدەدرێت.