کەشناسی وادەی کۆتایی هاتنی هاوین ئاشکرادەکات

04:59 - 17/09/2023

1385جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

بەرێوەبەری راگەیاندنی دەستەی کەشناسی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ کۆتایی مانگی (ئەیلول/9)ی ئه‌مساڵ، وەرزی هاوینیش کۆتایی دێت و پلەکانی گەرما بەرەو نزمبونەوە دەچن، بەڵام هێشتا هیچ ئاماژەیەک بۆ بارانبارین تۆمارنەکراوە.

عامر جابری بەرێوەبەری راگەیاندنی دەستەی کەشناسی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، لەگەڵ کۆتایی هاتنی مانگی (ئەیلول/9)، وەرزی هاوینیش کۆتایی دێت و پلەکانی گەرما بەرەو نزمی دەچن، بەڵام لە ئێستادا ئەگەری هەیە پلەکانی گەرما لە چەند ناوچەیەکی باشوری عێراق بەرزبێتەوە.

دەستەی کەشناسی هیچ ئاماژەیەکی بۆ گۆڕانی کەشوهەوا و باران بارین تۆمارنەکردوە

ئاماژەی بەوەشکرد، دەستەی کەشناسی هیچ ئاماژەیەکی بۆ گۆڕانی کەشوهەوا و باران بارین تۆمارنەکردوە، شەپۆلی باران بارینی بەهێز روی لە چەند وڵاتێک کردوە، بەڵام هێشتا هیچ پێشبینییەک بۆ باران بارین لە ناوچەکانی عێراق ناکرێت.

پێشتر گاڤین شمیت زانای بواری کەشناسی لە دەزگای ئاسمانی ناسا رایگەیاند، هاوینی ئەمساڵ گەرمترین هاوینی مێژو بوە، ئەوەش لە بەرزبونەوەی پلەکانی گەرمای وڵاتانی ئەمریکا و ئەوروپا و چین بەدی دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری گەرمبونی زەویش بەو شێوەیە، دەگەرێتەوە بۆ دیاردەی کەشوهەوای نینۆ و دەردانی گازە گەرمەکان بۆ نێو بەرگەهەوای زەوی.