خهندان-
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە کۆبونەوەیان لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی تورکیا و سوریا و روسیا، پێشنیازیان کردوە هێزەکانی تورکیا لە سوریا بکشێتەوە، لە بەرامبەردا هێزەکانی سوریاش ئاسایشی سنوری تورکیا بپارێزن، دهشڵێت، "روسیاش پشتیوانی لە پێشنیازەکە دەکات".
ئاژانسی "میهر"ی ئێرانی بڵاویکردەوە، حسێن ئەمیر عەبدوللاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاندوه، دەسەڵاتدارانی سوریا ئامادەیی خۆیان بۆ پاراستنی سنوری هاوبەشیان لەگەڵ تورکیا دەربڕیوە.
پێشنیازیان بۆ رێککەوتنی سوریا و تورکیا کردوە بۆ کشاندنەوەی هێزەکان
ئاماژەی بەوەشکرد، لەکۆبونەوەی نێوان وەزارەتەکانی دەرەوەی سوریا و تورکیا و روسیا و ئێران، پێشنیازێکیان بۆ رێککەوتنی سوریا و تورکیا کردوە، بۆ ئەوەی هێزەکانی تورکیا لە سوریا بکشێنەوە، بەڵام ئەو پێشنیازە دو لایەنی هەیە و لایەنێکیان تورکیایە کە سنوری سوریای بەلاوە گرنگە.
روسیا گرەنتی پێشنیازەکەی ئێران دەکات
وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەشی خستەڕو، تورکیا نایەوێت سنورەکەی لەگەڵ سوریا هەڕەشەی ئەمنی لەسەربێت، پوختەی پێشنیازەکەی ئێرانیش دو خاڵی سەرەکی لە خۆدەگرێت، یەکەمیان پابەندبونی تورکیا و کشاندنەوەی هێزەکانی، دوەم پابەندبونی سوریا لە جێگیرکردنی هێز لەسەر سنور بۆ ئەوەی هەرشەی ئەمنی بۆ سنوری تورکیا دروستنەبێت، "روسیاش گرەنتی ئەو پێشنیازەی ئێران دەکات".