خهندان-
کیم جۆنگ ئون، رێبەری کوریای باکور کۆتایی بە سەردانەکەی لە روسیا هێنا و بە شەمەندەفەرەکەی بەرەو بیۆنگیانگ بەڕێکەوتەوە، پێش گەڕانەوەی پارێزگاری ناوچەی بریمۆرسکی رۆژهەڵاتی روسیا چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەون و پۆشاکی دژە گولـلەی وەک دیاری پێبەخشی.
شاندی روسیا تاوەکو شەمەندەفەرەکەی یاوەرییان کرد
ئاژانسی ریا نۆڤۆستی روسیش، گرتە ڤیدیۆی ساتی ماڵئاوایی کیم جۆنگ ئون، رێبەری کۆریای باکور لە شاندی روسیا کە لە وەزیری ژینگە و وەزاری سامانە سروشتییەکان پێکهاتبون بڵاوکردەوە و تاوەکو شەمەندەفەرەکەی یاوەرییان کرد.
تەماشا و تێبینی موشەکە ستراتیژییە ئەتۆمی و موشەکە هایپەر سۆنیکەکان و کەشتییە جەنگییە روسییەکانیان
پێشتریش رێبەری کۆریای باکور لەگەڵ سێرگی شویگۆ وەزیری بەرگری روسیا، لە ناوچەی ڤلادیفۆستۆکی ئەوپەڕی رۆژهەڵاتی روسیا، تەماشا و تێبینی موشەکە ستراتیژییە ئەتۆمی و موشەکە هایپەر سۆنیکەکان و کەشتییە جەنگییە روسییەکانیان دەکرد.
قوڵکردنەوەی پەیوەندییە هاوبەشەکانی نێوانیان دوپاتکردەوە
سەردانەکەی رێبەری کۆریای باکور بۆ روسیا ماوەی دو هەفتەی خایاند و لە سەردانەکەی لەگەڵ ڤلادمیر پوتین سەرۆکی روسیا کۆبونەوە و گفتوگۆیان لە بارەی پرسی سەبازیی و جەنگی ئۆکرانیا کرد، هاوکات قوڵکردنەوەی پەیوەندییە هاوبەشەکانی نێوانیان دوپاتکردەوە.
بەرپرسەکانی ئەمریکا و کۆریای باشور لە سەردانەکەی کیم جۆنگ ئون بۆ روسیا نیگەرانبون
بەرپرسەکانی ئەمریکا و کۆریای باشور لە سەردانەکەی کیم جۆنگ ئون بۆ روسیا نیگەرانبون، چونکە ترسیان لەوە هەیە مامەڵە و ئاڵوگۆری چەک لە نێوان ئەو دو سەرکردەیە هەبێت، یان روسیا بە نیازبێت موشەک و تەقەمەنییەکانی کۆریای باکور بکرێت و لە جەنگی ئۆکرانیا بەکاریبهێنێت.
ژاپۆنیش لەسەر ئەو سەردانە هاتە دەنگ و رایگەیاند، هۆشداری دەدەنە هەریەکە لە روسیا و کۆریای باکور، کە هەر ئاڵوگۆڕی چەکێک دەبێتە پێشێلکاری بۆ ئەو سزایانەی لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە سەپێندراوە.