ساڵێك به‌سه‌ر گیانله‌ده‌ستدانی ژینا ئەمینی تێده‌په‌ڕێت؛ باوكیشی ده‌ستگیركرا

10:45 - 16/09/2023

4340جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کچە کوردی شاری سەقزی رۆژھەڵاتی کوردستان تێپەڕدەبێت، ئه‌مڕۆش ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا دوای ئه‌وه‌ی لە ماڵەکەی خۆی هاتوەتە دەرەوە، دەستبەجێ لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەرکراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

رێكخراوی هه‌نگاو بۆ مافه‌كانی مرۆڤ بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی لە بەردەم ماڵەکەی خۆی لە شەقامی "مامۆستا هەژار"ی شارۆچکەی "دانشگاە" (زانکۆ)ی شاری سەقز، لەلایەن ژماره‌یه‌كی زۆر لە هێزەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەرکرا.

ساڵێک لەمەوبەر  ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵان لە نەخۆشخانەیەکی تاران بەکاریگەری ئەشکەنجەدان گیانی لەدەستدا 
ساڵێک لەمەوبەر و لە 16ی (ئەیلول/9)ی 2022، ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵان لە نەخۆشخانەیەکی تاران بەکاریگەری ئەشکەنجەدانی لەلایەن پۆلیسی ئه‌خلاقه‌وه‌ گیانی لەدەستدا و لە گۆڕستانی ئایچیان لە شاری سەقز زێدی لەدایکبونی خۆی بەخاکسپێرا.
 ئاگادارییان بە بنەماڵەی ژینا ئەمینی دابو کە نابێت ڕێوڕەسمی ساڵیادی کوژرانی کچەکەیان بەڕێوەببەن
سەرەڕای ئەوەی ناوەندە حکومەتییەکان ئاگادارییان بە بنەماڵەی ژینا ئەمینی دابو کە نابێت ڕێوڕەسمی ساڵیادی کوژرانی کچەکەیان بەڕێوەببەن، به‌ڵام ئەو بنەماڵەیە لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایانگەیاند، "ئێمەی بنەماڵەی ژینا، وەک هەمو بنەماڵەیەکی خەمبار، لە ساڵیادی گیانبەختکردونی کچە شیرینەکەمان ژینا ئەمینی، لەسەر گۆڕی ئەو ئازیزە کۆچکردوە کۆدەبینەوە و ڕێوڕەسمی ڕەسەن و ئایینیی ئەو ساڵیادە بەڕێوەدەبەین".
ئەمجەد ئەمینی لانیکەم چوار جار لەلایەن ناوەندە حکومەتییە جیاوازەکانەوە بانگ کراوە
لە ماوەی هەفتەی ڕابردو و ڕۆژانی پێش ساڵڕۆژی دەستپێکی بزوتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" ئەمجەد ئەمینی لانیکەم چوار جار لەلایەن ناوەندە حکومەتییە جیاوازەکانەوە بانگ کراوە و لەسەر بەڕێوەنەبردنی ڕێوڕەسمی ساڵیادی ژینای کچی وێڕای ئەوەی لێپرسینەوە و لێپێچینەوەی لێ کراوە، بێڕێزیشی پێ کراوە.
پێشتر هێزەکانی ئیدارەی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی سەفا عائێلی، خاڵی ژینا
ئەوە لەکاتێکدایە کە پێشتر هێزەکانی ئیدارەی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی سەفا عائێلی، تەمەن 30 ساڵ و خاڵۆی بچوکتری ژینا ئەمینی لە شاری سەقز دەستبەسەریان کردوە و تاکو ئێستاش هەر لە دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە حکومەتییەدایە و دۆخێکی یاساییی ناوبراو ناڕونی هەیە.

بارودۆخی شاری سەقز بەتایبەت دەوروبەری ماڵی بنەماڵەی ئەمینی و ڕێگەکانی بەرەو گۆڕستانی ئایچی (گۆڕی ژینا) بە چڕوپڕی میلیتاریزە کراوە و هێزە سەربازی - حکومەتییەکان لە هەمو شوێنێکی ئەو شارە پڕچەک و بە کەرەستەی شەڕەوە جێگیر کراون.
ئەمریکا سزا بەسەر 18 ئەندامی سەرەکی هێزەکانی ئاسایشی ئێران و سوپای پاسداران و پۆلیسدا دەسەپێنێت
وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا دوێنێ  هه‌ینی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردوه‌،  ئۆفیسی کۆنتڕۆڵکردنی سەرمایەکانی دەرەوەی سەر بە وەزارەتی دەرەوە سزا بەسەر 18 ئەندامی سەرەکی هێزەکانی ئاسایشی ئێران و سوپای پاسداران و پۆلیسدا دەسەپێنێت، هەروەها سزاکان سێ دەزگای هەواڵی ئێرانیش دەگرێتەوە، دەزگای هەواڵی فارس و تەسنیم و پرێس تیڤی، لەگەڵ سێ بەرپرسی باڵای دیکەدا هه‌ن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، گرتنەبەری ئەو رێوشوێنانە بە هەماهەنگی بوە لەگەڵ هاوبەشەکانی وەکو بریتانیا، کەنەدا و ئوسترالیا و ئەو هاوبەشانەی دیکەش کە سزا دەسەپێنن بەسەر ئەو کەسانەدا کە باوەڕ وایە بەشداربوبێتن لە سەرکوتکارییەکانی ئێراندا.