نیویۆرک تایمز: وەزیری بەرگری چین لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە

09:30 - 16/09/2023

2636جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" بڵاویكرده‌وه‌، وەزیری بەرگری چین لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە و مشتومڕ لە بارەی پشێوی لە کەرتی سەربازی چین دروستبوە، پێش ئەویش دو فەرماندەی سەربازی لە پۆستەکانیان دورخراونەتەوە، سەرۆکی چین دەیەوێت سوپای ئەو وڵاتە لە "گەندەڵی و بێ وەفایی" بپارێزێت و دڵنیابێتەوە لەوەی ده‌سه‌ڵاتی بەسەریانەوە هەیە.

رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، لی شانگ فو، وەزیری بەرگری چین لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت، ئەوەش مشتومڕەکانی لەبارەی پشێوی کەرتی سەربازی چین زیادکردوە، بە تایبەتی لە دوای ئەوەی دو فەرماندەی باڵای هێزی ئەتۆمی ئەو وڵاتەش لە پۆستەکانیان دورخرانەوە.

ماوەی دو هەفتەیە لی شانگ فو، وەزیری بەرگری چین دەرنەکەوتوە
ماوەی دو هەفتەیە لی شانگ فو، وەزیری بەرگری چین دەرنەکەوتوە، پێشبینی دەکرا لە هەفتەی رابردو لە کۆبونەوەی ڤێتنام ئامادەیی هەبێت، لەبارەی شوێن و سۆراغی وەزیری بەرگری چین، پرسیار لە ماو نینج، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین کرا، ئەویش لە وەڵامدا وتی، "هیچ زانیارییەکم لەوبارەیەوە نییە".
سوپای چین یەکێکە لە پایەکانی هەژمونی ئەو وڵاتە لە روی ناوخۆیی و دەرەکییەوە
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاماژەی بەوەکردوە، لێکۆڵینەوە لەگەڵ بەرپرسە ئەمنییەکانی چین پرسیار و گومانی لەسەر متمانەی شێ جینگ بینی سەرۆکی چین بە سوپاکەی دروستکردوە، چونکە سوپای چین یەکێکە لە پایەکانی هەژمونی ئەو وڵاتە لە روی ناوخۆیی و دەرەکییەوە.
شەش هەفتە لەمەوبەر دو فەرماندەی هێزی موشەکی سەر بە سوپای ئازادیخوازی چین لە پۆستەکانیان دورخرانەوە
شەش هەفتە لەمەوبەر دو فەرماندەی هێزی موشەکی سەر بە سوپای ئازادیخوازی چینی لەلایەن شی جینگ بینگ، سەرۆکی چین لە پۆستەکانیان دورخرانەوە، بە وتەی شیکەرەوە سیاسییەکانیش، "سەرۆکی چین دەیەوێت لە کۆنتڕۆڵکردن و پاکردنەوەی گەندەڵی و بێ وەفایی لە سوپای چیندا دڵنیا ببێتەوە".

نیشانەکردن

چین