سەرۆکی شاندی حوسییەکان بۆ سعودیه‌: ئاشتی هەڵبژاردەی یەکەمی ئێمەیە

10:00 - 15/09/2023

3032جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

محەمەد عەبدولسەلام، سەرۆکی شاندی حوسییەکانی یه‌مه‌ن رایگەیاند، ئاشتی یەکەمین بژاردەیە کە کاری لەسەر دەکرێت، هاوكات هیوای خۆی دەربڕی کە گفتوگۆکانی ریاز پێشكه‌وتن به‌خۆیانه‌وه‌ ببینن و لە سەرجەم مەلەفه‌كانی مرۆیی، سەربازی و سیاسیدا بگاتە لوتکە، بە شێوەیەک کە ئاشتی به‌دیبهێنێت و سەقامگیری لە یەمەن و وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە بهێنێته‌ كایه‌وه‌.

محەمەد عەبدولسەلام لە لێدوانەکاندا بۆ شه‌رق ئەلئەوسەت رایگه‌یاند، سەردانەکەی شاندەکە بۆ ریازی پایتەختی سعودیە لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی پێشودایە، کە لەگەڵ شاندی سعودیە لە مەسقەت و سه‌نعا ئەنجامدراون.

هیوادارین ئەم دانوستانانە بە پێشکەوتنی بەرجەستە لە هەمو مەلەفه‌كان کۆتایی بێت
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "هیوادارین ئەم دانوستانانە بە پێشکەوتنی بەرجەستە لە هەمو مەلەفه‌كانی مرۆیی، سەربازی و سیاسیدا کۆتایی بێت بە شێوەیەک کە ئاشتی و سەقامگیری لە سەرتاسەری یەمەن و وڵاتانی دراوسێ و ناوچه‌كه‌دا بهێنێته‌ كایه‌وه‌".
شاندی حوسییەکان ئێوارەی بە یاوەری شاندێکی سه‌ڵته‌نه‌تی عومان گەیشتنە ریاز
شاندی حوسییەکان ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە بە یاوەری شاندێکی سه‌ڵته‌نه‌تی عومان گەیشتنە ریاز، لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی کە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و بەدیهێنانی ئاشتی لە یەمەن دراون، دوای نزیکەی 9 ساڵ لە شەڕ.
هەمیشە گەشبینین، ئاشتیش داواکارییەکی بنەڕەتییە بۆ ئێمە و یەکەمین بژاردەی ئێمەیە
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە ئایا گەشبینە بە ئەنجامی ئەو دانوستانانە، سەرۆکی شاندی حوسییەکانی یه‌مه‌ن وتی، "هەمیشە گەشبینین، ئاشتیش داواکارییەکی بنەڕەتییە بۆ ئێمە و یەکەمین بژاردەی ئێمەیە کە کاری لەسەر دەکەین".

لایخۆیەوە حکومەتی یەمەن پێشوازی لە هەوڵەکانی سعودیە و عومان کرد و هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان و نێودەوڵەتییەکانی بە ئامانجی پاڵنانی میلیشیا حوسییەکان بەرەو مامەڵەی جددی لەگەڵ بانگەوازەکانی ئاشتی به‌ گرنگ ناوبرد.
حکومەتی یەمەن جەختی لە بەردەوامیی رێبازی ئاشکرای خۆی بۆ سەرجەم دەستپێشخەرییەکان کردەوە
حکومەتی یەمەن ئه‌مڕۆ هه‌ینی لە بەیاننامەیەکدا جەختی لە بەردەوامیی رێبازی ئاشکرای خۆی بۆ سەرجەم دەستپێشخەرییەکان کردەوە، کە ئامانجیان هێنانەدی ئاشتییەکی دادپەروەرانە و هەمەلایەنەیە، بەشێوەیەک کە ئاشتی لە دامەزراوەکانی یه‌مه‌ندا بهێنێته‌ كایه‌وه‌.
ئەمریکا پێشوازی لە سەردانی یەکەمین شاندی فەرمی گروپی حوسییەکان بۆ سعودیە کرد
لایخۆیەوە جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ئه‌مڕۆ هەینی پێشوازی لە سەردانی یەکەمین شاندی فەرمی گروپی حوسییەکان بۆ سعودیە کرد.

سولیڤان، لە بەیاننامەیەکدا باسی له‌وه‌كردوه‌، "دەستخۆشی لە سەرکردایەتی شانشینی سعودیە دەکەین بۆ ئەم دەستپێشخەرییەی ئێستا، هەروەها سوپاسی سوڵتانییەتی عومان دەکەین بۆ ڕۆڵی گرنگی خۆی، سەردانەکەی شاندی حوسییەکان دوای نزیکبونەوە و 18 مانگ لەسەریەکی ئارامیی دێت کە دوای راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست هاته‌ كایه‌وه‌ بە نێوەندگیری نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ یەکەمجار لە 2ی نیسانی 2022".

نیشانەکردن

یەمەن سعودیە