لە بارەی قەرەبوکردنەوەی عێراق تورکیا تانە لە بڕیاری دادگای پاریس دەدات

09:54 - 15/09/2023

3166جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

تورکیا دەستی بە جێبەجێکردنی چەند رێکارێکی یاسایی کردەوە بۆئەوەی خۆی لە قەرەبوە 1.4 ملیار دۆلارەکەی عێراق رزگار بکات، بۆ ئەو مەبەستەش داوای یاسایی لە ژوری ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس تۆمارکردوە.

ماڵپەڕی "میدڵ ئیست ئای" بڵاویکردەوە، تورکیا داوایەکی لە بارەی بڕی ئەو 1.4 ملیار دۆلارەی دەبێت وەک قەرەبو بیداتە عێراق، بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ش سكاڵایه‌كی ئاڕاستەی ژوری ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس کردوە، بۆئەوەی ئەو بڕە قەرەبوەی لەسەر لاببرێت.

دەمانتوانی لەگەڵ عێراق بگەینە چارەسەر لەسەر دۆسیەی هەناردەی نەوت

لەو بارەیەوە ئالپ ئەرسەلان به‌یره‌قدار وەزیری وزەی تورکیا رایگەیاند، "دەمانتوانی لەگەڵ عێراق بگەینە چارەسەر لەسەر دۆسیەی هەناردەی نەوت، بەڵام عێراق رێکاری یاسایی گرتەبەر، ئەوانیش پێویستە چاودێری بەرژەوەندییەکانی خۆیان بکەن، بۆیە ئێمه‌ش سکاڵای یاسایی لە دادگای پاریس تۆمار دەکەین".

تا ئێستا رون نییە تورکیا دەیەوێت تەواوی 1.4 ملیار دۆلارەکە لەسەر شانی خۆی لابدات يان نا

تا ئێستا رون نییە تورکیا دەیەوێت تەواوی 1.4 ملیار دۆلارەکە لەسەر شانی خۆی لابدات، یاخود تەنها دەیەوێت بەشێکی لاببات.

لە مانگی (نیسان/4)ی ئەمساڵ عێراق سکاڵای لە دژی تورکیا لە دادگای ئەمریکا بەرزکردەوە، بۆ ئەوەی تورکیا بڕی ئەو 1.4 ملیار دۆلارە بگەرێنێتەوە بۆ عێراق، دواتر تورکیا سکاڵای لە دژی عێراق تۆمار کرد و دۆسیەیەکی ساڵی هه‌شتاکانی زیندوکردەوە، داوای 956 ملیۆن دۆلاریشی لە عێراق دەکرد.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە رۆژی 15ی مانگی (نیسان/4)ی ئەمساڵ ژوری ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس، لە بەرژەوەندی عێراق بڕیاری لەسەر نایاسایی هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە ده‌ركرد، بەپێی بڕیاری دادگای تورکیا دەبێت بڕی 1.4 ملیار دۆلار وەک قەرەبو بداتەوە عێراق

نیشانەکردن

تورکیا