جارێکی دیکە نرخی نەوت بەرزدەبێتەوە

09:51 - 14/09/2023

1318جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

ئەمڕۆ نرخی نەوت بەرزبوەوە، دوای ئه‌وه‌ی بازاڕەکان گەڕانەوە بۆ گرنگیدان بە چاوەڕوانییەکانی کەمی دابینکردنی نەوتی خاو لە ماوەی ساڵی 2023دا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت 48 سەنت بەرزبوەوە و گەیشتە 92.36 دۆلار، هاوکات نەوتی خاوی رۆژئاوای تەکساسی ئەمریکیش 50 سەنت بەرزبوەوە و گەیشتە 89.2 دۆلار.

 بازاڕ لە ماوەی چارەکی چوارەمدا شایەتی بوژانه‌وه‌ ده‌بێت
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە دوێنێ چوارشەممە رایگەیاند، درێژکردنەوەی ئاستی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتانی ئۆپێک+ تا کۆتایی ساڵی 2023 بەو مانایە دێت، کە بازاڕ لە ماوەی چارەکی چوارەمدا شایەتی بوژانه‌وه‌ ده‌بێت، لەکاتێکدا تاڕادەیەکی زۆر پابەند بوە بە خەمڵاندنەکانی گەشەی خواست.

هەروەها رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) پابەندبو بە پێشبینییەکانی بۆ گەشەسەندنی بەهێزی خواستی جیهانی نەوت لە ساڵانی 2023 و 2024.
دوێنێ هەردو جۆره‌كه‌ی نه‌وت به‌رزبونه‌وه‌ بۆ بەرزترین ئاست لە ماوەی 10 مانگدا
دوێنێ چوارشەممە هەردو جۆره‌كه‌ی نه‌وت به‌رزبونه‌وه‌ بۆ بەرزترین ئاست لە ماوەی 10 مانگدا، پێش ئەوەی داتاکان زیادبونی لەناکاوی کۆگاکانی نەوتی خاو و سوتەمەنی لە ئەمریکا نیشان بدەن، ئەوەش نیگەرانییەکانی بازاڕی سەبارەت بە خواست لێکەوتەوە.

هەفتەی رابردو رێژەی نەوتی خاو لە ئەمریکا چوار ملیۆن بەرمیل بەرزبوەوە، هەروەها کۆگاکانی سوتەمەنی زیاتر لە ئاستی چاوەڕوانکراو بەرزبونەتەوە بەهۆی ئەوەی پاڵاوگەکان بەرهەمهێنانیان بەرزکردەوە.
 وەبەرهێنەران پێشبینی ئەوە دەکەن کە یەدەگی فیدڕاڵی لە هەفتەی داهاتودا رێژەی سود بەرزناکاتەوە
لە روی ئابورییەوە، وەبەرهێنەران دوایین خوێندنەوەی هەڵاوسانی ئەمریکایان بە پشتڕاستکردنەوەی ئەوە لێکدایەوە کە یەدەگی فیدڕاڵی لە هەفتەی داهاتودا رێژەی سود بەرزناکاتەوە، ئەوەش هیواکانی بۆ خواستێکی بەهێز لەسەر نەوت زیندوكرده‌وه‌.
رێژەی سودی بەرز تێچوی کۆمپانیاکان و بەکاربەران زیاد دەکات
رێژەی سودی بەرز تێچوی کۆمپانیاکان و بەکاربەران زیاد دەکات، ئەوەش رەنگە گەشەی ئابوری خاوبکاتەوە و خواست لەسەر نەوتی خاو کەم بکاتەوە.