ئۆرشەلیم پۆست: هه‌رێمی کوردستان روبەڕوی قەیرانی بێوێنە دەبێتەوە

08:17 - 13/09/2023

9194جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

هه‌رێمی کوردستان روبەڕوی "قەیرانێکی نوێ و بێوێنە" بوەتەوە لە کاتێکدا روبەڕوی فشارەکانی عێراق، ئێران و تورکیا بوه‌ته‌وه‌، ئەو فشارانه‌ دوای شەش ساڵ دێت لە ئەنجامدانی دەنگدان لەسەر سەربەخۆیی، ئەو سەردەمە بە پێچەوانەی دۆخی ئەمڕۆیە.

ئۆرشەلیم پۆست له‌ راپۆرتێكدا بڵاویكرده‌وه‌، لە ساڵی 2017دا هەرێمی كوردستان رۆڵی سەرەکی بینی لە شکستپێهێنانی داعش، ئێستا ناوچەیەکی سەقامگیر و پارێزراوی عێراقە کە خەڵکێکی زۆر بۆ بازرگانیکردن و چێژوەرگرتن و گەشتیاری روی تێده‌گه‌ن، بەڵام زۆرێک لە دراوسێکانی ئیرەیی بە سەرکەوتنەکەی دەبەن.

 پارتی لە هەولێری پایتەخت بەهێزتر و باڵادەستترە، هەروەها پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ ئەنقەرەدا هەیە
هەرێمی كوردستان لە ناوخۆدا دابەش بوە لە نێوان دو پارتی سیاسی گەورەی کوردی (پارتی دیموكرات و یەکێتی نیشتیمانی)، پارتی لە هەولێری پایتەخت بەهێزتر و باڵادەستترە، هەروەها پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ ئەنقەرەدا هەیە و بەوهۆیەوە پەیوەندی بازرگانی و دارایی بەهێزی هەیە، بەڵام ئەوە نابێتە هۆی ئەوەی ئەنقەرە هەڵمەتێکی سەربازی لە خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجام نەدات، کە زۆرجار زیان بە کورد دەگەیەنێت.
تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکات، کە شەڕی پەکەکە دەکات
تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکات، کە شەڕی پەکەکە دەکات کە بە "تیرۆریست" ناوی دەبات، بەڵام بۆردومانەکانی كه‌ گوایە بۆ سه‌ر پەکەکەیه‌ بوەهۆی نیگەرانی هاوڵاتیانی مەدەنی کورد و پێکهاتەکانی دیکە.
 ئێران فشارەکانی بۆ سەر هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان زیاتر كردوه‌
تارانیش پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ یەکێتی هەیە، هەروەها ئێران فشارەکانی بۆ سەر هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان زیاتر كردوه‌، ئەوەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵیادی کوشتنی كچه‌ كوردی كورد ژینا ئەمینی، كه‌ نزیكه‌ی ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن پۆلیسی ئه‌خلاقه‌وه‌ ده‌ستگیركرا، له‌ تاران گیانی له‌ده‌ستدا.
تاران دەڵێت، وادەیەک هەیە بۆ ئەوەی عێراق هەنگاو بنێت و گروپە ناڕازییەکان له‌ چەک دابماڵێت
كۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی ساڵی رابردودا سەرکوتی گروپە کوردییەکانی کردوە، تەنانەت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپخانە هێرشی کردوەتە سەر خاكی هه‌رێمی كوردستان لە عێراق، ئێستا تاران دەڵێت، وادەیەک هەیە بۆ ئەوەی عێراق هەنگاو بنێت و گروپە ناڕازییەکان له‌ چەک دابماڵێت، ئامانجی تاران دروستکردنی پاساوێکە بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی زیاتر.
هەرێم روبەڕوی فشارەکانی بەغدا بوه‌ته‌وه‌، ئەوەش هەڕەشەکردن لە کورد لە کەرکوک دەگرێتەوە 
لە هەمانکاتدا هەرێمی کوردستان روبەڕوی فشارەکانی بەغدا بوه‌ته‌وه‌، ئەوەش هەڕەشەکردن لە کورد لە کەرکوک دەگرێتەوە کە لە ساڵی 2017وه‌ هێزە فیدڕاڵییەکانی بەغدا کۆنتڕۆڵیان کردوه‌، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ هەڕەشەی بودجه‌ و راگرتنی پاره‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، له‌كاتێكدایه‌ كه‌ به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێن، ئەرکەکانی خۆیان "جێبەجێ کردوه‌" و بەوپەڕی شەفافیەت مامەڵەیان لەگەڵ بەغدا کردوه‌.
مه‌سرور بارزانی نامه‌یه‌كی ئاڕاستەی جۆو بایدن کردوە و دەڵێت، هەرێم لە روی ئابوری و سیاسییەوە بریندارە و خوێن لە جەستەمان دێت
پێگەی هەواڵی ئەلمۆنیتەر کە بنکەکەی لە واشنتنە بڵاویکردەوە، مه‌سرور بارزانی نامه‌یه‌كی ئاڕاستەی جۆو بایدن، سەرۆکی ئه‌مریكا کردوە و رایگه‌یاندوه‌، "لە ئێستادا هەرێم لە روی ئابوری و سیاسییەوە بریندارە و خوێن لە جەستەمان دێت و یەکەمجارە وەکو سەرۆک وەزیران هەست بە نیگەرانی دەکەم و ئەو هەڵمەتەی عێراق لە دژمان گرتویەتییەبەر بەرەوە روخانمان دەبات".

ئێران دەڵێت، هەرێم تا 19ی ئەیلولی له‌به‌رده‌مدایه‌ بۆ داماڵینی چەک و مامەڵەکردن لەگەڵ گروپە ناڕازییە کوردەکان کە دژایەتی ئێران دەکەن، كه‌ پێهاتون له‌ پژاك، كۆمه‌ڵه‌ و دیموكرات.
ئەو کێشانەی کە ئێستا هەولێر ڕوبەڕوی دەبێتەوە پێدەچێت تەحەدای گەورە بن
بەکۆی گشتی ئەو کێشانەی کە ئێستا هەولێر لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا ڕوبەڕوی دەبێتەوە سه‌ره‌ڕای فشارەکانی ئێران و تورکیا، پێدەچێت تەحەدای گەورە بن، زلهێزه‌کانی وه‌ك ئه‌مریكا و رۆژئاوا له رابردودا زۆرجار پاڵپشتییان بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان راگه‌یاندبو.

هەروەها ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئەمریکا ناوچەکە بۆ پاراستنی هێزەکانی لە رۆژهەڵاتی سوریا کەڵک وەردەگرێت، ئێران و تورکیاش دژایەتی بونی ئەمریکا لە سوریا دەکەن، دەیانەوێت فشار بخەنە سەر هەولێر چونکە سەرباز و پێگه‌ی به‌هێزی سه‌ربازی واشنتن دەکەوێتە نزیک هەولێر و فڕۆکەخانەی هەولێر بەکاردەهێنن بۆ جوڵه‌كانیان له‌ناوچه‌كه‌دا.