هۆکاری دواکەوتنی سەردانەکەی ئەردۆگان بۆ بەغدا ئاشکرا دەکرێت

02:09 - 07/09/2023

6584جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەهۆی رێکنەکەوتن لەسەر بڕی ئەو 1.5 ملیار دۆلارەی تورکیا وەک قەرەبو دەبێت بیداتە عێراق سەردانی سەرۆکی ئەو وڵاتە بۆ بەغدا دواکەوتوە و بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، "سەردانی ئەردۆگان پەیوەستە بە بەرەوپێشچون لە پرسی هەناردەی نەوت".

رۆژنامەی "زە کرەیدڵ"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، هۆکاری دواکەوتنی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ بەغدا دەگەرێتەوە بۆ رێکنەکەوتن لەسەر بڕی ئەو 1.5 ملیار دۆلارەی لەسەر تورکیا پێویستە وەک قەرەبوی هەناردەی نەوت بیداتە عێراق.

ئەردۆگان دەیەوێت لەگەڵ عێراق لە بارەی پرسی هەناردەی نەوەتەوە رێکبکەوێت

سەرچاوەیەکی بەرپرسی تورکیا رایگەیاندوە، ئەردۆگان دەیەوێت لەگەڵ عێراق لە بارەی پرسی هەناردەی نەوەتەوە رێکبکەوێت، بەڵام تا ئێستا هەنگاوەکانی پەیوەست بەو پرسە بە هێواشی دەڕۆن.

ئەگەری هەیە لە کۆتایی مانگی (ئەیلول/9) یان سەرەتای مانگی (تشرینی یەکەم/10) ئەردۆگان سەردانی بەغدا بکات

لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا هیچ وادەیەکی دیاریکراویان لە بارەی سەردانی ئەردۆگان بۆ بەغدا پێنەگەیشتوە، ئەگەری هەیە لە کۆتایی مانگی (ئەیلول/9) یان سەرەتای مانگی (تشرینی یەکەم/10) ئەردۆگان سەردانی بەغدا بکات، بەڵام زیاتر پەیوەستە بەرەوپێشچون لە پرسی هەناردەی نەوتی هەرێم.

عێراق و تورکیا گفتوگۆی ئاڵۆز لە نێوانیان لە بارەی هەناردەی نەوەتەوە هەیە

بەرپرسانی وزەی عێراق ئەوەیان خستەڕو، عێراق و تورکیا گفتوگۆی ئاڵۆز لە نێوانیان لە بارەی هەناردەی نەوەتەوە هەیە و  پێناچێت هەناردەی نەوتی هەرێم لەم مانگەشدا دەستپێبکاتەوە.

لە دوایین کۆبونەوەی نێوان بەرپرسانی تورکیا و عێراق لەسەر پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت تورکیا رەتیکردوەتەوە بڕی ئەو 1.5 ملیار دۆلارەی وەک قەرەبو بداتەوە عێراق بەڵکو داوای کردوە هەرێمی کوردستان ئەو پارەیە بگەرێنێتەوە چونکە ئەو سودمەندی پلە یەک بوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی 25ی مانگی (ئازار/3) ژوری ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس لە بەرژەوەندی عێراق بڕیاری لەسەر نایاسایی هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جەیهاندا و هەناردەی نەوت راگیرا.

نیشانەکردن

تورکیا