خەندان-
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ئهمڕۆ چوارشهممه رایگەیاند، دو هاوڵاتی کورد بەمەبەستی بینینی یاری تۆپی پێ چوبونە سعودییە و لەوێ دەستگیرکرابون، دوای نزیكهی مانگێك شەوی رابردو ئازادکران و گەڕانەوە بۆ نێو کەسوکاریان لە شاری هەولێر.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەکردوە، دو هاوڵاتی هەرێمى کوردستان کە لە سعودیە دەستگیرکرابون ئازاد کران و لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە هەولێر بە کەسوکاریان شادبونەوە.
ئەو دو هاوڵاتییە بە مەبەستی بینینی یاری تۆپی پێ سەردانی سعودییەیان کردبو
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو دو هاوڵاتییە بە مەبەستی بینینی یاری تۆپی پێ سەردانی سعودییەیان کردبو و لە رۆژی 12ی مانگی (ئاب/8) لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی شانشینی سعودیە لە شاریی تائیف دەستگیر کرابون.
بەهۆی نەشارەزاییان لە یاسای ئەو وڵاتە ئەو دو هاوڵاتییە کوردە دەستگیرکرابون
ئەوەشخراوەتەڕو، بەهۆی نەشارەزاییان لە یاسای ئەو وڵاتە ئەو دو هاوڵاتییە کوردە دەستگیرکرابون و هیچ تاوانێکیان ئەنجامنەدابو تاوەکو شایەنی زیندانیکردن بن.
باس لەوەشکراوە، بە هەماهەنگی نێوان فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و حکومەتی سعودیە توانرا هەردو هاوڵاتی ئازادبکرێن و رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێنەوە.