ئاسایشی هەولێر هۆشداری لەبارەی بەكارهێنەری تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە دەدات

09:02 - 04/09/2023

3589جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی پارێزگای هه‌ولێر لەپەیامێكدا هۆشداری لە بارەی بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان دەدات و داواشدەكات، بەهیچ جۆرێك بەكارهێنەری تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان متمانە بە هەمو كەسێك نەكەن و نهێنییه‌كان و وێنه‌ و ورده‌كاریی ژیانی تایبه‌تیی خۆیان نەنێرن".

ئاسایشی پارێزگای هه‌ولێر لەپەیامێكدا بۆ هاوڵاتیان بڵاویكردۆتەوە، "‎هه‌روه‌ك ده‌زانن، تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌مڕۆدا بونه‌ته‌ به‌شێك له‌ ژیان و په‌یوه‌ندییه‌كانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵك، به‌هۆی زۆری و جۆراوجۆرییان، تاڕاده‌یه‌ك ئه‌سته‌مه‌ مرۆڤه‌كان خۆیان له‌ به‌كارهێنانی لا بده‌ن، ‎ئه‌م تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌، لایه‌نی سودبه‌خشیان  زۆره‌، به‌ڵام هه‌ندێكجاریش له‌لایه‌ن كه‌سانێكی خراپه‌كار و تاوانباره‌وه‌، بۆ كاری خراپ و كرده‌وه‌ی نایاسایی به‌كار ده‌هێندرێن".

له‌ به‌كارهێنانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا، متمانه‌ به‌ هه‌مو جۆره‌ خه‌ڵكێك نه‌كه‌ن

ئاسایشی هەولێر داواشی لە هاوڵاتیان كردوە، "له‌ به‌كارهێنانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا، متمانه‌ به‌ هه‌مو جۆره‌ خه‌ڵكێك نه‌كه‌ن و نهێنییه‌كانی خۆیان و وێنه‌ و ورده‌كاریی ژیانی تایبه‌تیی خۆیان به‌ خه‌ڵكێك نه‌ده‌ن كه‌ دواتر له‌ دژی خۆیان و وه‌ك چه‌كێك ئه‌و نهێنییانه‌ به‌كاربهێنن".

ئاماژەی بەوەشكردوە، "‎داوایه‌كی تایبه‌ت له‌ دایكان و باوكان ده‌كه‌ین، رۆڵه‌كانیان هۆشیار بكه‌نه‌وه‌ و ئاگاداری كوڕ و كچه‌كانیان بن و ڕێگه‌ نه‌ده‌ن په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌ نێو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بگاته‌ ئاستێك كه‌ نهێنیی تایبه‌تی و وێنه‌ و تۆماری ڤیدیۆییان بگاته‌ ده‌ست كه‌سانێكی خراپه‌كار و دواتر به‌و نهێنییانه‌وه‌ بۆ كاری هه‌ڵه‌ و نایاسایی ناچار بكرێن".

ئاگاداری په‌یوه‌ندیه‌كانتان بن له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان كاتێك كه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كه‌سێك ده‌به‌ستیت كه‌ نازانیت كێیه‌

‎ئاسایشی هەولێر دەشڵێت، "تكایه‌ ئاگاداری په‌یوه‌ندیه‌كانتان بن له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان كاتێك كه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كه‌سێك ده‌به‌ستیت كه‌ نازانیت كێیه‌و چۆن په‌یوه‌ندی پێوه‌كردوی متمانه‌ی پێمه‌كه‌ و هیچ زانیاریه‌كی كه‌سی و تایبه‌تی خۆتی بۆ مه‌نێره‌ تاوەكو نه‌بیته‌ قوربانی تۆڕه‌كانی په‌یوه‌ندی".

ئەوەشی رونكردۆتەوە، "له‌كاتی بونی هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك یان ناچاركردنت به‌كارێكی خراپه‌ له‌لایه‌ن ئه‌وكه‌سانه‌وه‌ كه‌ئه‌و تاوانه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن، ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌هێزه‌كانی ئاسایش یان  هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ، هێڵی گه‌رمی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێر 066106".

نیشانەکردن

ئاسایش