شارەزایەكی كەشناسی: ساڵێكی پڕ دابارین و سەخت بەڕێوەیە

09:42 - 03/09/2023

8569جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

شارەزایەكی بواری كەشناسی پێشبینیەكانی بۆ گۆڕانكاریەكان لە وەرزی دابارینی 2023 - 2024 ئاشكرادەكات و راشیدەگەیەنێت، بارانبارین پێشدەكەوێت و لەپایزدا پەڵە دەدات و ساڵێكی پڕ دابارین و سەخت بەڕێوەیە، ئەگەری دروستبونی لافاویش لەزۆربەی ناوچە جیاجیاكان هەیە.

شاڵاو هیدایەت شارەزای بواری كەشناسی لەڕاگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ خەندان نێردراوە رایگەیاندوە، "پێشبینیدەكەین وەرزی زستان پلەكانی گەرما تێكرای وەرزانە خوار ئاستی ئاساییەكان بێت لەناوچەكانی هەرێم و بەفر بارین لەوەرزی زستاندا سەروی ئاستی ئاساییەكان بێت، مانگەكانی (كانونی دوەم/1 و شوبات/2)ی 2024 چەند بارستە هەوای زۆر ساردی باڵادەست دادەبەزنە سەرناوچەكان و ئەگەری بەفربارین  بەگشتی بۆ ناوچەكان دەبێت مانگی (كانونی یەكەم/12 و ئازار/3)ش تاڕادەیەك سارد دەبن و لە ناوچە شاخاویەكان سارتر دەبن".

لە ناوچە شاخاویەكان بەفر بارین بەڕێژەی زۆر لەسەروی ئاستی ئاساییەكانەوە دەبێت

ئاماژەی بەوەشكردوە، "لە ناوچە شاخاویەكان بەفر بارین بەڕێژەی زۆر لەسەروی ئاستی ئاساییەكانەوە دەبێت، لەبەشێك ناوچەش ئەگەری زۆرە لەدوای زستانی 2012ەوە زۆرترین بەفر ببارێت، هەروەها وەرزی پایز و بەهار و هەندێك مەودای كەمی زستان، بارانی زۆر بەخوڕیان تێدا دەبێت، چونكە بەشێكی زۆری حاڵەتەكانی دابارین لەشێوەی ناسەقامگیری كەشوهەوادا دەبن لەوەرزی پایز و بەهار و هەندێك مەودای زستاندا".

ئەگەری لافاو زۆر دەبێت لەهەمو ناوچەكان و تایبەت ئەو شوێنانەی نزمن و مەترسی لافاویان لەسەرە

ئەو شارەزایەی بواری كەشناسی دەشڵێت، "ئەگەری لافاو زۆر دەبێت لەهەمو ناوچەكان و تایبەت ئەو شوێنانەی نزمن و مەترسی لافاویان لەسەرە، هەروەها لەوەرزی سەرمادا دابارینەكان بەگشتی لەشێوەی نزمە پەستاندا دەبن و دێمی و لەسەرخۆ دەبن تایبەت وەرزی زستاندا، بەڵام لەپایز و بەهاردا بەزۆری بارانەكان بەخوڕ دەبن و بارانی مەداریش زۆر دەبن تەرزە زۆر لەسەروی ئاستی ئاساییەكان دەبێت و مەترسی تەرزەی قەبارە گەورەش هەیە".

لەم مانگەدا وەرزی دابارینی داهاتو دەستپێدەكات تایبەت لەناوچە جیا جیاكان

شاڵاو هیدایەت ئەوەشی رونكردۆتەوە، "لەم مانگەدا وەرزی دابارینی داهاتو دەستپێدەكات تایبەت لەناوچە جیا جیاكان و مانگی (تشرینی یەكەم/10)ش بارانی سەرتاسەری دەبێت هەر لەزاخۆوە تا خانەقین و بەدرە، بارانی پەڵەش بەزۆری دەكەوێتە مانگی (تشرینی یەكەم/10)ەوە وەرزی دابارینی داهاتو پێشدەكەوێت لەهەمو ناوچەكان بەگەرمیانیشەوە، باران زۆر لە سەروی نۆڕماڵ دەبێت، زوتر لەپایزەكانی پێشتر پەڵە دەدات بۆیە وەرزی دابارینی 2023-2024 ساڵێكی پڕ دابارین و سەخت دەبێت".

نیشانەکردن

كه‌شناسی‌