عێراق دابەشكردنی موچەی مانگی نۆ دەستپێدەكات

05:50 - 03/09/2023

20017جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

هەردو بانكی ڕەشید و رافدەین ڕایانگەیاند، لەئەمڕۆوە دەست بە دابەشكردنی موچەی مانگی (ئەیلول/9)ی خانەنشینانی سەربازی و شارستانی عێراق دەكرێت.

هەردو بانكی ڕەشید و رافدەین لە دو راگەیەندراوی جیادا بڵاویانكردەوە، پارەی پێویست بۆ موچەی مانگی (ئەیلول/9)ی خانەنشینان خەرجكراوە و سەرجەم خانەنشینانی سەربازی و شارستانی لەڕێگەی كریدی كارتەكانیانەوە لە هەر شوێنێك بیانەوێت و لەڕێگەی لقەكانی هەردو بانكەكەوە موچەكانیان وەربگرن.

 وەزارەتی دارایی عێراق دەستپێكردنی پێدانی موچەی فەرمانبەرانی بۆ مانگی ئەیلولی ڕاگەیاند
پێشتریش وەزارەتی دارایی عێراق دەستپێكردنی پێدانی موچەی فەرمانبەرانی بۆ مانگی ئەیلولی ڕاگەیاند.

ئەوەش لەكاتێكدایە تاوەكو ئێستا هیچ وادەیەك بۆ دابەشكردنی موچەی مانگی (تەمموز/7)ی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دیارینەكراوە، لەكۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیشدا بڕیاردرا 500 ملیار دینار بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم بنێردرێت، بەڵام ئەو بڕە پارەیەش بەشی موچەی مانگێك ناكات لەبەرئەوەی بۆ موچەی هەر مانگێكی موچەخۆران، حكومەتی هەرێم پێویستی بەزیاتر لە 900 ملیار دینار هەیە.

نیشانەکردن

موچه‌