لاهور شێخ جەنگی: خەڵكەكەمان لە كەركوك بەتەنیا جێناهێڵین

10:11 - 02/09/2023

4895جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لاهور شێخ جەنگی لەپەیامێكدا سەبارەت بە بارودۆخی كەركوك داوا لە لایەنە سیاسییەكان دەكات، چیتر رۆڵەی كورد نەكەنە قوربانیی "ململانێ ناشەریفانەكانیان لەپێناو هەڵبژاردن" و راشیدەگەیەنێت، "ئەم دۆخە هەستیارە دەخوازێت كە هاوڵاتیانی شارەكە دانبەخۆیان دابگرن و دڵنیایان دەكەمەوە بەتەنیا جێَیان ناهێڵین و لەهەوڵداین بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە".

لاهور شێخ جەنگی لەپەیامێكدا بڵاویكردەوە، "بەداخەوە جارێكیتر كورد لە كەركوك بوە قوربانی ململانێی نێوان لایەن سیاسییەكان و خوێنی گەنجی كوردی ئەو شارە خۆشەویستە بە ناهەق رژا، هەر لێرەوە پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی كەسوكاری شەهید هاوكار شوانی و شەهید ئارام مستەفا دەكەم و هیوای زو چاكبونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازم".

رێگە نەدرێت رێوشوێنی نادەستوری لەو شارە ئەنجامبدرێت كە ببێتە مایەی تێكدانی پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێكهاتە ڕەسەنەكانی كەركوك

راشیگەیاندوە، "داوا لە هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق دەكەم بۆ رێگریكردن لەم خوێنڕشتنە و تەشەنە نەسەندنی دۆخی دژواری شاری كەركوك، بە زوترینكات رۆڵی دەستوریی خۆیان ببینن و رێگە نەدرێت رێوشوێنی نادەستوری لەو شارە ئەنجامبدرێت كە ببێتە مایەی تێكدانی پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێكهاتە ڕەسەنەكانی كەركوك، ڕێگەش نەدرێت بەناوی پاراستنی هاوڵاتیییانی شارەكە، كورد لە كەركوك بچەوسێندرێتەوە، چونكە هەرگیز ئەم زوڵم و ستەم و سەركوتكردنە مایەی قبوڵكردن نییە".

 چیتر رۆڵەی كورد نەكەنە قوربانیی ململانێ ناشەریفانەكانیان لەپێناو هەڵبژاردن

دەشڵێت، "داوا لە هەمو لایەنە سیاسییەكان دەكەم چیتر رۆڵەی كورد نەكەنە قوربانیی ململانێ ناشەریفانەكانیان لەپێناو هەڵبژاردن و چیتر ئەجێندای ئیقلیمی جێبەجێنەكەن".

ئەم دۆخە هەستیارە دەخوازێت كە هاوڵاتیانی شارەكە دانبەخۆیان دابگرن

ئاماژەی بەوەشكردوە، "ئەم دۆخە هەستیارە دەخوازێت كە هاوڵاتیانی شارەكە دانبەخۆیان دابگرن و خەڵكی دەستەبژێر و پێكهاتە رەسەنەكانی شارەكەش هەوڵی جدی بدەن بۆ كۆتاییهێنان بە گرژییەكان لە پێناو پاراستنی پێكەوەژیانی سەرجەمی پێكهاتەكان، خەڵكە خۆشەویستەكەمان لەكەركوك دڵنیا دەكەمەوە كە بەتەنیا جێَیان ناهێڵین و لەسەر هێڵین بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە و لەو پێناوەشدا تەواوی هەوڵەكانی خۆمان خستۆتەگەڕ".

نیشانەکردن

لاهور شێخ جەنگی