خه‌ندان-
لایه‌نه سیاسییە کوردییەکان دەڵێن، حكومەتی فیدڕاڵی "سلفە"یەک دەدات بە هەرێمی كوردستان تەنها بۆ موچەی دو مانگی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، ئەوەش مانای بەردەوامی راگرتنی پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق، كه لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە لە مانگی (حوزەیران/6)ی رابردودا په‌سه‌ندكرا.
رۆژنامه‌ی "العرب" ئه‌مڕۆ شه‌ممه له راپۆرتێكدا بڵاویكرده‌وه، حکومەتی عێراق و لە پشتیەوە چوارچێوەی هەماهەنگی کە (چەتری سیاسی حوکمڕانی عێراق پێکدەهێنێت)، پشكی هەرێمی كوردستانیان كردوەتە كارتی فشار لەگەڵ لایەنی كوردی، لەبەرامبەر كۆمەڵێك دۆسیەیە، لەنێویاندا پرسی ئیدارەدانی سەرچاوە نەوتیەكانی هەرێم.
بەشێک لە هێزە کوردییەکان لە هەوڵی بڵاوکردنەوەی دڵنیاییدان سەبارەت بە چارەسەرکردنی ناکۆکییە سیاسییەکان
له راپۆرته‌كه‌دا هاتوه، بەشێک لە هێزە کوردییەکان لە هەوڵی بڵاوکردنەوەی دڵنیاییدان سەبارەت بە چارەسەرکردنی ناکۆکییە سیاسییەکان، هەروەها ئەو گفتوگۆ تەکنیکییانەی کە روده‌ده‌ن لە هەوڵێک زیاتر نییە بۆ ئەوەی دەرگاکە بە کراوەیی بهێڵێتەوە بۆ چانسی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە ڕەنگە کاتێکی زۆر بخایه‌نێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەهەوڵی تێكشكاندنی بەربەستەكاندایە، بەڵام ناچارە سازشبكات، بە تایبەت لەوەی پەیوەستە بە ئیدارەدانی سەرچاوە داراییەكان.
هەرێم بەتەواوی پابەند بوە به یاسای بودجه‌ی عێراقه‌وه و هەمو مەرجەکانی بەغدای جێبه‌جێكردوه
هه‌فته‌ی رابردو هەولێر شاندێکی نوێی ڕەوانەی بەغدا کرد، کە نوێنەری پارتی و یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕانی تێدابو، پەیامێکی لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی کوردستان، لەگەڵ خۆی بردبو، کە تیایدا ڕایگەیاندبو، "هەرێم بەتەواوی پابەند بوە به یاسای بودجه‌ی عێراقه‌وه و هەمو مەرجەکانی بەغدای جێبه‌جێكردوه".
هەرێمی کوردستان به دۆخێکی ئابوری ناجێگیردا تێده‌په‌ڕێت
له ئێستادا هەرێمی کوردستان به دۆخێکی ئابوری ناجێگیردا تێده‌په‌ڕێت، ئەوەش کاریگەری لەسەر توانای حکومەت بۆ پێدانی موچەی فەرمانبەرانی دروست کردوە، حکومەتی کوردستانیش دوای پەسەندکردنی بودجە هیوای ئەوەی ده‌خواست کۆتایی بە قەیرانەکە بهێنێت، بەڵام ئەو هێزە سیاسییانەی کە بڕیارەکەی بەغدایان بەدەستەوە هه‌یه هێشتا داوای پابه‌ندبونی زیاتری هه‌رێم ده‌كه‌ن.
حكومه‌تی عێراق ئه‌گه‌ر بێت و فشارێكی سیاسی له‌سه‌ر دروستنه‌كرێت کێشە دروستدەکات
دوێنێش ئه‌حمه‌د غه‌ریب، ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كێتی له په‌رله‌مانی عێراق له‌باره‌ی دواكه‌وتنی پشكی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا به خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "حكومه‌تی عێراق ئه‌گه‌ر بێت و فشارێكی سیاسی له‌سه‌ر دروستنه‌كرێت له نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا وردبینیه‌كان هێنده‌ی ئه‌وه‌ده‌بن كه حكومه‌تی عێراقی لاملی و لاڕێیی دروستبكات و كێشه بۆ پرسی پشكی هه‌رێمی كوردستان دروستبكات، كه كێشه‌ی له‌سه‌ر داهاتی ناوخۆ و ده‌روازه‌كان دروستكردوه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، حكومه‌تی عێراق له‌ڕوكه‌شدا ده‌ڵێت كه ئه‌وان پابه‌ندن به رێككه‌وتنی هاوپه‌یمانی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت به‌ڵام له جێبه‌جێكردنی بواره ئیداریی و داراییه‌كاندا كێشه‌ی دیكه هاتوه‌ته پێشه‌وه و پابه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان "لای ئه‌وان به‌س نییه، ئه‌و شانده‌شی كه چوه‌ته به‌غدا پێیان وتون كه ئه‌وه‌ی پێویست بوه هه‌رێم كردویه‌تی".