بە پێچەوانەی بەڵێنەکانی سەرۆکی وڵاتەکە، چین کارگەی خەڵوزی زیاتر دروست دەکات

06:45 - 01/09/2023

1445جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان- 

رۆژنامەی گاردیانی بریتانی بڵاویکردەوە، سەرەڕای بەڵێنەکان بۆ راگرتنی دروستکردنی دامەزراوەی نوێ، چین پڕۆژەی نوێ بۆ دروستکردنی وێستگەی کارەبای خەڵوز بە رێژەی دو وێستگەی کارەبا لە هەفتەیەکدا پەسەند دەکات.

لە ساڵی 2021دا شی جینپینگ، سەرۆکی چین بەڵێنیدا کە واز لە دروستکردنی وێستگەی خەڵوز بهێنێت، بەڵام لە ساڵی 2022دا حکومەت 106 گیگاوات توانای نوێی کارپێکردنی خەڵوزی پەسەندکرد، کە یەک گیگاوات هاوتای یەک وێستگەی کارەبای گەورەیە.

 حکومەتی چین بەڵێنیداوە تا ساڵی 2030 بگاتە لوتکەی دەردانی کاربۆن و تا ساڵی 2060 بگاتە سفر
ئەوەش لە کاتێکدایە حکومەتی چین بەڵێنیداوە تا ساڵی 2030 بگاتە لوتکەی دەردانی کاربۆن و تا ساڵی 2060 بگاتە سفر.

بەگوێرەی ماڵپەڕی گڵۆباڵ ئینێرجی مۆنیتەر، کە رێکخراوێکی ناحکومییە و بنکەکەی لە سانفرانسیسکۆیە و چاودێری پڕۆژەکانی سوتەمەنی بەردینی و وزەی نوێبوەوە دەکات لە سەرانسەری جیهان، چین لەسەر ڕێڕەوی شکاندنی ژمارەی پێوانەیی پێشوی ئەمساڵە بە پەسەندکردنی دروستکردنی وێستگەی نوێی خەڵوز.
لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2023دا دەسەڵاتدارانی چین رەزامەندییان داوە بە 52 گیگاوات وزەی خەڵوزی نوێ
لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2023دا دەسەڵاتدارانی چین رەزامەندییان داوە بە 52 گیگاوات وزەی خەڵوزی نوێ، رێکخراوەکە لە شیکارییەکی نوێدا کە بە هاوکاری سەنتەری توێژینەوە لەسەر وزە و هەوای پاک ئەنجامدراوە، رێکخراوێکی توێژینەوەی نێودەوڵەتی سەربەخۆیە و گرنگی بە پێشخستنی وزەی پاک دەدات.
چین دەستیکردوە بە بیناسازی بۆ بەرهەمهێنانی 37 گیگاوات کارەبای نوێی خەڵوز
بەگوێرەی شیکارییەکە، چین دەستیکردوە بە بیناسازی بۆ بەرهەمهێنانی 37 گیگاوات کارەبای نوێی خەڵوز، پڕۆژەی نوێی هاوتای 41 گیگاواتی راگەیاندوە، هەروەها 8 گیگاوات پڕۆژەکانی زیندوکردوەتەوە کە پێشتر دواخرابون.

هاوکات شرۆڤەکاران ئاماژە بە پێشکەوتنی بەرچاو لە کەرتی وزەی نوێبوەوەی چین دەکەن، کە حکومەت بەنیازە بیکاتە پایەی سەرەکی دابینکردنی وزە.
 پێدەچێت دەسەڵاتداران خواستی بەردەوام و بوژانەوەی ئابوری لە کورتخایەندا لە پێشینەی کارەکانیان دابنێن
کۆری کومبس، شرۆڤەکاری کۆمپانیای تریڤیۆم چین کە شیکاری ئابوری چین دەکات، رایگەیاندوە، پێدەچێت دەسەڵاتداران خواستی بەردەوام و بوژانەوەی ئابوری لە کورتخایەندا لە پێشینەی کارەکانیان دابنێن.

بەکارهێنانی خەڵوز لە پیشەسازی یان سوتاندنی بۆ بەرهەمهێنانی وزە بڕێکی زۆر دوەم ئۆکسیدی کاربۆن دەردەدات، کە بەرپرسە لە گەرمبونی جیهان، بۆ بەرگەهەوا.
بەکارهێنانی خەڵوز لە 2022دا گەیشتە "بەرزترین ئاستی مێژویی" لە جیهاندا
لە مانگی (تەمموز/7)ی ساڵی رابردودا ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە رایگەیاند، بەکارهێنانی خەڵوز لە 2022دا گەیشتە "بەرزترین ئاستی مێژویی" لە جیهاندا، پێشبینیش دەکرێت ئەمساڵ جارێکی دیکە بگاتە "ئاستی پێوانەیی".

بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئاژانسەکە مەزەندە دەکات، کە خواست لەسەر خەڵوز لە ئەوروپا بە رێژەی 16% و لە ئەمریکاش بە ڕێژەی 24% دابەزیوە، ئەوەش بەهۆی دابەزینی نرخی غازی سروشتییەوە پاڵپشتی دەکرێت، بەڵام لە چین و هیندستان لە ماوەی شەش مانگدا بەکارهێنان زیاتر 5% زیادیکردوە.
چین گەورەترین وڵاتی دەرهێنەری کاربۆنە لە جیهاندا 
چین گەورەترین وڵاتی دەرهێنەری کاربۆنە لە جیهاندا و نزیکەی یەک لەسەر سێی گازە گەرمخانەییەکانی ساڵی 2020 بەشداری کردوە، ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان دەریدەخەن کە لە ڕوی قەبارەی دانیشتوان و ژمارەی کارەساتە ژینگەییەکانەوە، هەروەها زۆر بەرەوڕوی کاریگەرییەکانی قەیرانی کەشوهەوا دەبێتەوە.
پلەی گەرما بۆ ناوەڕاستی مانگ گەیشتوەتە بەرزترین ئاستی پێوانەیی و گەیشتوەتە 52.2 پلەی سەدی
هەروەها لە مانگی تەمموزدا، ئیدارەی کەشناسی چین بڵاویکردەوە، پلەی گەرما بۆ ناوەڕاستی مانگ گەیشتوەتە بەرزترین ئاستی پێوانەیی و گەیشتوەتە 52.2 پلەی سەدی، لە هەرێمی شینجیانگ لە ڕۆژئاوا.

نەتەوە یەکگرتوەکان هەوڵدەدات گەرمبونی جیهان بۆ 1.5 پلەی سەدی سنوردار بکات بە بەراورد بە ئاستی پێش پیشەسازی بەپێی رێککەوتنی پاریس سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا، بەڵام ئەو ئامانجە گەورەیە پەیوەندی بە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی سوتەمەنی بەردینی جیهانەوە هەیە کە خەڵوز یەکێکە لە پیسترین جۆرەکانی.

نیشانەکردن

چین