خەندان-
بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان هۆشداری لە مەترسیەكانی بڵاوبونەوەی پەتای كۆلێرا دەدات و راشیدەگەیەنێت، "بانكی هەرێم لە سلێمانی 100 ملیۆن دیناری كاشی بۆ تەندروستی گەرمیان دابینكرد و لە روبەڕوبونەوەی كۆلێرا و پێداویستیەكانی خەرجدەكرێت".
د. سیروان محەمەد جەمال بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان لەپەیامێكدا بڵاویكردەوە، "پەتای سكچون رو لە هەڵكشانەو هەر ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی توشبوی كۆلێرا دەستنیشان كرا، ساڵی پار بە هەمانشێوە لە گەرمیان بە كاركردنی تیمەكانی خۆپاراستن و نەخۆشییە گواستراوەكان و نەخۆشخانەی گشتی كەلار و كفری و فریاكەوتن و قەڵا و سەرجەم دەزگاكانمان و هاوكاری و هەماهەنگی ئیدارەی گەرمیان و كەلار وكفری و فەرمانگەكان، توانیمان حاڵەتە سەرەتاییەكانی كۆلێرا دەستنیشان بكەین و رێنمایی و چارەسەر بۆ خۆیان و خۆپارێزی خێزانیان دابینكەین، بەم كارەش گەرمیان پارێزرا لە بڵاوبونەوەی پەتای كۆلێرا".
ئەمساڵ هەمان كاركردن و ماندوبون بەردەوامە و هاوكاری ئێوە پێویستە
ئاماژەی بەوەشكردوە، "ئەمساڵ هەمان كاركردن و ماندوبون بەردەوامە و هاوكاری ئێوە پێویستە، بەتایبەتی ئەوانەی لەشاری سلێمانی دەگەڕێنەوە و سكچونیان هەیە، راستەوخۆ لە دەزگاكانمان پشكنینی پێویست ئەنجامبدەن و هاوكار بن لە رێگری بڵاوبونەوەی لەگەرمیان".
پێشبینی نزیكی دەركەوتنی حاڵەتی كۆلێرا دەكەین و ئامادەكاری كراوە
دەشڵێت، "پێشبینی نزیكی دەركەوتنی حاڵەتی كۆلێرا دەكەین و ئامادەكاری كراوە و بەردەوامین لە دابینكردنی پێداویستی نەخۆشخانەكان، هەر ئەمڕۆش بانكی هەرێم لە سلێمانی 100 ملیۆن دیناری كاشی بۆ تەندروستی گەرمیان دابینكرد و لە روبەڕوبونەوەی كۆلێرا و پێداویستیەكانی خەرجدەكرێت".