نرخی نەوت دابەزینی کەمی تۆمارکرد

09:51 - 31/08/2023

2306جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

نرخی نەوت ئەمڕۆ دابەزینی بەخۆیەوە بینی، دوای ئەوەی داتاکان ده‌ریانخست کە چالاکیی بەرهەمهێنان لە چین خاوبوەتەوە، هاوکات وەبەرهێنەران چاوەڕوانی راپۆرتی خەرجییەکانی بەکاربردنی کەسی لە ئەمریکاش بون، کە بڕیارە بڵاوبکرێتەوە.

ئه‌مڕۆ پێنجشەممە نرخی نه‌وتی برێنت 12 سەنت کە دەکاتە 0.1% دابەزیوە و گەیشتوەتە 85.74 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، نرخی نه‌وتی تێكساسیش بە ڕێژەی 0.1% دابەزی و گەیشتە 81.58 دۆلار.

چالاکییەکانی بەرهەمهێنانی چین بۆ پێنجەمین مانگی لەسەریەک لە مانگی ئابدا کەمبوەتەوە
ڕاپرسییەکی فەرمی دەریخستوه‌ کە چالاکییەکانی بەرهەمهێنانی چین بۆ پێنجەمین مانگی لەسەریەک لە مانگی ئابدا کەمبوەتەوە، ئەوەش نیگەرانییەکانی لەبارەی داتا لاوازەکانی ئەم دواییەی گەشەسەندن لە دوەم گەورەترین ئابوری جیهاندا دروستکردوە.
وەبەرهێنەران چاوەڕوانی ئاماری هەڵاوسانن
وەبەرهێنەران چاوەڕوانی ئاماری هەڵاوسانن، کە بە خەرجییەکانی بەکاربردنی کەسی لە ئەمریکا دەپێورێت، کە ئه‌مڕۆ پێنجشەممە بڵاودەکرێتەوە.

تائێستا نرخی نەوت بەرەو بەرزبونەوەی هەفتانە دەڕوات بەهۆی داتاکانی حکومەتی ئەمریکا کە خستنەڕوی نەوتی خاو کەمترە لەوەی پێشبینی دەکرا و کودەتا سەربازیەکەی ڕۆژی چوارشەممەش لە گابۆن، ئەندامی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) کە ترسی دابینکردنی نەوتی بەرزکردەوە.
شرۆڤەکاران پێشبینی دەکەن، سعودیە کەمکردنەوەی خۆبەخشانەی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا درێژبکاتەوە 
شرۆڤەکاران پێشبینی دەکەن، سعودیە لە (مانگی تشرینی یەکەم/10)ی ئەمساڵدا کەمکردنەوەی خۆبەخشانەی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا درێژبکاتەوە بۆ سێیەم مانگ لەسەریەک، ئەوە جگە لەو کەمکردنەوەیانەی هاوپەیمانی ئۆپێک + جێبەجێیکردوە، کە ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی بە سەرۆکایەتی ڕوسیا لەخۆدەگرێت.

هەروەها حکومەتی ئەمریکا پێداچونەوەی بە بەرزبونەوەی بەرهەمی ناوخۆیی کرد بۆ 2.1% لە چارەکی پێشودا لەبری ئەو 2.4%ەی مانگی ڕابردو ڕاگەیەندرا، داتاکانی ڕۆژی چوارشەممە دەریانخستوە کە گەشەی هەلی کار لە کەرتی تایبەت لە مانگی ئابدا بە شێوەیەکی بەرچاو خاوبوەتەوە.

نیشانەکردن

نەوت