وادەکەی تاران لە کۆتایی نزیکدەبێتەوە؛ داوای چەککردن و گواستنەوەیان لە خاکی هەرێم دەکات

07:29 - 30/08/2023

3674جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سوپای پاسداران لە سەروبەندی ساڵیادی ژینا ئەمینی و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا جارێکی دیکە فشارەکان بۆ سەر حزبە کوردییەکان لە هەرێمی کوردستان چڕتر دەکاتەوە، هێرش و هەڕەشەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە ئێستادا بوەتە بابەتێکی گرنگی نێوان تاران و بەغدا، ئەندامێکی ناوەندی بەڕێوەبەریی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێت، کۆمەڵگەی نێودەوڵەوتی و حکومەتی عێراق و هەرێم نابێت لەبەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران "بێدەنگ و بێ هەڵوێست بن".

محەمەد نەزیف قادری، ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندوە، "ئێمە بە بەردەوامی ڕامانگەیاندوە کە خاکی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی سەربازی لە دژی هیچ لایەنێک بەکارناهێنین و بۆیە ئەگەر کۆماری ئیسلامی بە هەر بیانویەک بییەوێت هێرش بکاتەوە سەر بنکە و بارەگاکانی حزبەکان و سنور و سەروەری عێراق و هەرێم پێشێلبکات، ئەوا نابێت عێراق و هەرێم و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەت هێزە هاوپەیمانەکان و ئەمەریکا بەرامبەر بەو کارەی ئێران بێدەنگ بن".

تاران دەڵێت: دوا وادە بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە 19ی مانگی 9یە
28ی ئەم مانگە، ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە ئاماژەدان بە رێککەوتنی ئەمنی نێوان ئێران و عێراق سەبارەت بە چەککردنی لایەن و گروپە چەکدارەکانی نیشتەجێ لە هەرێمی کوردستان، وتی، "دوا وادە بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە 19ی مانگی نۆیە و ئەم وادەیەش بە هیچ شێوەیەک درێژ ناکرێتەوە".
ئێران بە دوای بیانویە و دەیەوێت ڕای گشتیی خەڵکی ئێران بەلاڕێدا ببات
خالید عەزیزی، وتەبێژی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە دوایین هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاندوە، کۆماری ئیسلامی بە دوای بیانویە و دەیەوێت ڕای گشتیی خەڵکی ئێران بەلاڕێدا ببات و لە ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژینا وەک بیانویەک کەڵک لەو پرسە وەربگرێت بۆ ئەوەی قەیرانە سیاسییەکانی نێوخۆی پێ دابپۆشێت.
حکومەتی ناوەندی عێراق لە هەوڵی گواستنەوەی ئەو حزبانەدایە بە زوترین کات 
هەر لەسەر ئەم پرسە بەرپرسێکی حکومەتی عێراق کە نەیویستوە ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕێککەوتنی نێوان وڵاتەکەی لەگەڵ ئێرانی بۆ ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس پشتڕاستکردوەتەوە و ڕایگەیاندوە، "حکومەتی ناوەندی عێراق لە هەوڵی گواستنەوەی ئەو حزبانەدایە بە زوترین کات و پێویستە ئەو کارەش بە ڕەزامەندی دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر و سلێمانی ئەنجام بدرێت".

هەرچەندە ئەم سەرچاوەیە ناوی ئەو گروپ و حزبانەی نەخستووەتەڕو، بەڵام ئاماژەی بەوەکردوە، حکومەتی عێراق بەنیازە تا 19ی مانگی نۆ ئەو رێککەوتنە جێبەجێ بکات و حزبەکان بگوازێتەوە بۆ ناو کەمپێک و لە چەک دایانماڵێنێت.
حزبە کوردییەکان وردە وردە چالاکییە سەربازییەکانیان سنوردار کردوە
حزبە کوردییەکانی دژبەری حکومەتی ئێران، دوای چەند دەیە خەباتی چەکداری، وردە وردە چالاکییە سەربازییەکانیان سنوردار کردوە و لە نەوەدەکانەوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق ڕێککەوتنێکی نەنوسراویان کردوە کە ئەگەر چالاکی سەربازی نەکەن ڕێگەیان پێدەدرێت لەو وڵاتە بمێننەوە و دڕێژە بە چالاکی سیاسی خۆیان بدەن.

یەکێک لەو حزبانە، حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانە کە وەک کۆنترین حزبی سیاسی کوردی ئێران بە بەردەوامی جەختی لەوە کردوەتەوە کە لە خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کەڵک وەرناگرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا یەکێک لەو حزبانەیە کە بە زۆری ڕوبەڕوی هەڕەشە و هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێتەوە.

حزبەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران و پارتی ئازادیی کوردستان ئەو حزبانەی دیکەن کە بنکە و بارەگاکانیان لە هەرێمی کوردستاندایە و لە لایەن ئێرانەوە چەندین جار کراونەتە ئامانج و لە ئێستاشدا داوای چەککردن و گواستنەوەیان دەکرێت
تا ئێستا بەوردی شوێنی جێگیرکردنی ئەندامانی حزبە کوردییەکان و ئەو کەمپەی باسی لێوە دەکرێت نەخراوەتەڕو
تا ئێستا بەوردی شوێنی جێگیرکردنی ئەندامانی حزبە کوردییەکان و ئەو کەمپەی باسی لێوە دەکرێت نەخراوەتەڕو، محەممەد نەزیف قادری دەڵێت، "ئێمە هیچ زانیارییەکمان سەبارەت بەو کەمپە نییە و نە حکومەتی عیراق و نە هەرێمی کوردستانیش هیچ شتێکیان سەبارەت بەو کەمپە لەگەڵ ئێمەدا باس نەکردوە و ئێمە ئەو کەمپەی ئەوان باسی لێوە دەکەن، ڕەتیدەکەینەوە".
کەمپی خۆمانمان هەیە و ئەوەی لە کەمپەکەدا دەژیت، کارمەندی هەرێمی کوردستان و خوێندکار و خەڵکی مەدەنین 
دەشڵێت، "ئێمە کەمپی خۆمانمان هەیە و ئەوەی لە کەمپەکەدا دەژیت، کارمەندی هەرێمی کوردستان و خوێندکار و خەڵکی مەدەنین و هەڕەشە و پێشێلکارییەکانی ئێران هیچ پاساوێک هەڵناگرێت".

بەڵام خەلیل نادری، وتەبێژی پارتی ئازادی کوردستان ڕایگەیاندوە، ئێران دەیەوێت ئەندامانی حزبەکان بگوازێتەوە بۆ ناوچەکانی موسڵ لە دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و بۆ ئەو ناوچانەی لە ژێر کۆنترۆڵی عێراقدان.

لە لایەکی دیکەوە ئەو بەپرسە عێراقیەش لە لێدوانەکەیدا بۆ ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس ئامادەنەبوە زانیاری زۆرتر لەسەر شوێنی گواستنەوەکە بخاتەڕو، بەڵام ئاماژەی بەوەداوە کە شوێنەکە لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەبێت.
"بە بۆچونی ئێمە ئەم لێدوان و گوشارانەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر حکومەتی هەرێم و عێراق
سەڵاح بایزیدی، نوێنەری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "بە بۆچونی ئێمە ئەم لێدوان و گوشارانەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ سنوردارکردنی چالاکییە سیاسییەکانی حزبە کوردییەکانی ئێران پرسێکی نوێ نییە و لە ساڵی 2003ەوە دەستیپێکردوە".
هێرشی موشەکی و تیرۆرکردنی چالاکوانانی مەدەنی و سیاسی کوردی ئێران ساڵانێکە بەردەوامە
وتیشی، "هێرشی موشەکی و تیرۆرکردنی چالاکوانانی مەدەنی و سیاسی کوردی ئێران ساڵانێکە بەردەوامە و لەئێستادا و ساڵێک دوای شۆڕشی ژینا، کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرهەڵدانی دوبارەی گشتی خەڵک دەترسێت و بە لەبەرچاوگرتنی گرنگی کوردستان وەک خاڵی دەستپێکی ئەو شۆڕشە، بە گوشار خستنە سەر حزبە کوردییەکان، هەوڵدەدات سەرهەڵدانی گشتیی ئێرانییەکان ببەستێتەوە بە هێزە دەرەکییەکانەوە".