عەلی حەمەساڵح: عێراق دەڵێت داهاتی ناوخۆی هەرێم 308 ملیار دینارە و لە بودجەی دەبڕین

10:01 - 29/08/2023

5566جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، هەڵەی کوشندەی حکومەتی هەرێم زیادکردنی باج و ڕسومات بو لەسەرشانی خەڵک، دەشڵێت، "ئێستاش عێراق دەڵێت، داهاتی ناوخۆتان 308 ملیار دینارە لە  پشکی هەرێم  دەبڕین".

عەلی حەمەساڵح لە پەیامێکدا لەبارەی موچە و کێشەی نەناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە نوسیویەتی، "بۆ حکومەتێک کە حەقی موچەی خەڵکی نەبێت، ناکرێت، بڵێیت، دەبێت فەرمانبەران مامۆستایان دەوام بکەن، باج و رسومات و گومرگیش وەردەگرم، بەڵام موچە لەسەر ئێمە نییە".

هەرێمی کوردستان رۆژانە (95 هەزار بەرمیل) نەوت دەداتە حکومەتی ناوەند
ئاماژەی بەوەشکرد، هەرێمی کوردستان رۆژانە (95 هەزار بەرمیل) نەوت دەداتە حکومەتی ناوەند، دەبێت عێراق پەیوەستبێت بەیاسای بودجەوە، وەک چۆن دەبێت هەرێمی کوردستانیش پەیوەست بێت، زیاتر لە 300 هەزار بەرمیل نەوت لە دەست حکومەتی هەرێمدایە، ئایا پاڵاوتن و فرۆشتنی لە نێوخۆدا (تەنی 320 دۆلار)ە کۆی داهات چەندە؟ 
هەڵەی کوشندەی حکومەتی هەرێم زیادکردنی باج و ڕسومات بو لەسەرشانی خەڵک
عەلی حەمەساڵح باسی لەوەشکردوە، "هەڵەی کوشندەی حکومەتی هەرێم زیادکردنی باج و ڕسومات بو لەسەرشانی خەڵک، ئێستاش عێراق بڵێ، داهاتی ناوخۆتان (308ملیار دینارە) لە  پشکی هەرێم  دەبڕین!، ئایا دەکرێت هێزی ئەمنی موچەی لەسەر حکومەت وەربگرێت، بەڵام ئاسنکاری بۆ قاچاخی حیزب و بەرپرسەکانی بکات! موچەی لەسەر میللەت بێت و هاوکاری ئەوانە بکات دزی لە میللەت دەکات!".

هەرچەندە مانگی (ئاب/8) بەرەو کۆتایی دەچێت بەڵام تائێستا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان موچەی مانگی (تەموز/7)ی ئەمساڵیان وەرنەگراوە، ئەوەش لەکاتێکدا زیاتر لە دو هەفتەیە هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان دەکەن.