ئێکس تایبەتمەندیەکی نوێ دەخاتەڕو

09:04 - 29/08/2023

3334جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
پلاتفۆڕمی ئێکس (کە پێشتر بە تویتەر ناسرابو) ئاشکرایکرد، بەنیازە تایبەتمەندیی Passkeys بخاتەڕو بۆ بەکارهێنەران کە دەتوانن لە رێگەیەوە پلاتفۆڕمەکە بکەنەوە بەبێ ئەوەی پێویستیان بەکار‌هێنان و نوسینەوەی وشەی نهێنی هەبێت.

Passkeys ستانداردێکی نوێیە و بە هاوکاری نێوان FIDO Alliance و World Wide Web Consortium پەرەی پێدراوە، کە دو تۆڕی ئەلیکترۆنین و زۆربەی کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆجیا لەخۆدەگرن، ئێکس بەنیازە پەنای بۆ ببات لە باشترکردنی پڵاتفۆڕمەکەیدا.

ئەو تایبەتمەندییە تەکنیکەکانی "کۆدکردن" بەکاردەهێنێت بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی پارێزراو

ئەو تایبەتمەندییە تەکنیکەکانی "کۆدکردن" بەکاردەهێنێت بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی پارێزراو لە نێوان ئامێری بەکارهێنەر و ماڵپەڕی ئەپڵیکەیشنەکەدا، سودەکەی ئەوەیە کە بەکارهێنەر پێویست ناکات هەمو جارێک وشەی نهێنی ئەکاونتەکەی لەبیربێت و  بینوسێتەوە تاوەکو بتوانێت ئەپڵیکەیشنەکە بەکاربهێنێت، هەروەک ترسی دزەپێکردنی زانیارییەکانی یان دەستبەسەرداگرتنی ئەکاونتەکەی نابێت.

هەندێک لە گەشەپێدەرانی ئەپڵیکەیشنەکان نیشانەی نوێیان لە دوایین ئەپدەیتی ئەپڵیکەیشنی ئێکس-دا بەدیکردوە

هەندێک لە گەشەپێدەرانی ئەپڵیکەیشنەکان نیشانەی نوێیان لە دوایین ئەپدەیتی ئەپڵیکەیشنی ئێکس-دا بەدیکردوە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی تیمی گەشەپێدەرانی کۆمپانیاکە کاردەکەن بۆ زیادکردنی تایبەتمەندی Passkeys  بەم زوانە.

بەکارهێنەران دەتوانن لە رێگەی کارتی بایۆمەتری، بچنە نێو ئەکاونتەکانیان

پێشبینی دەکرێت ئەو تایبەتمەندییە نوێیە وەک بژاردەیەکی زیادە و پارێزراو لە خزمەتی بەکارهێنەراندا بێت و لە کاتی بەردەستبونیدا، بەکارهێنەران دەتوانن لە رێگەی کارتی بایۆمەتری کەسییان، واتە لە رێگەی پەنجەمۆر یان تەکنەلۆجیای ناسینەوەی دەموچاوەوە، بچنە نێو ئەکاونتەکانیان لە ماڵپەڕی ئێکس-دا.

تایبەتمەندی Passkeys  لە زۆرێک لە بەرنامەکانی ئێستادا بونی هەیە، وەک پلاتفۆرمی “LinkedIn”، “WhatsApp”  و  “Tik Tok”.

پێشبینی دەکرێت کۆمپانیا گەورەکانی دیکەش ئەو تایبەتمەندییە بخەنەکار

هەروەها پێشبینی دەکرێت لە داهاتودا کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆجی وەک ئەپڵ، گوگڵ و مایکرۆسۆفت و ئەوانی دیکە ئەو تایبەتمەندییە بخەنەکار، بۆ ئەوەی جێگەی وشەی نهێنی بگرێتەوە.