سەرچاوەیەک: حکومەتی هەرێم بە کۆمەڵە و دیموکراتی وتوە لە 15 رۆژدا سنورەکان چۆڵ بکەن

06:19 - 29/08/2023

4565جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرچاوەیەک لە حزبەکانی کوردستانی ئێران رایگەیاند، حکومەتی هەرێم نوێنەرانی حزبی دیموکرات و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی بانگکردوە و پێیڕاگەیاندون "بەپەلە" لە ماوەی 15 رۆژدا هێزەکانیان لە ناوچە سنورییەکان بکشێننەوە و خۆیان ئامادە بکەن بۆ چونە ناو کامپ، بەڵام ئەندامێکی کۆمیسیۆنی نیزامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، رەتیدەکاتەوە بچنە ژێر باری گوشارەکان و چەک دانانی بە "هێڵی سور" ناوبرد.

سەرچاوەیەک لە حزبەکانی کوردستانی ئێران رایگەیاندوە، "ئەو کامپەی بۆ حزبە کوردییەکان دروست دەکرێت لەلایەن عێراق و هەرێمەوە سەرپەرشتی دەکرێت و یوئێن چاودێری دەکات، بەڵام هێشتا پێمان نەوتراوە شوێنی کەمپەکە کوێیە، داواشکراوە دیاردەی چەکداری نەهێڵین، واتا دەیانەوێت ئاشبەتاڵمان پێبکەن".

 حکومەتی هەرێم پێیوتین لە ژێر فشاردان، ئێمەش کەوتوینەتە نێو دوڕیانێک
سەرچاوەکە وتیشی، "حکومەتی هەرێم پێیوتین لە ژێر فشاردان، ئێمەش کەوتوینەتە نێو دوڕیانێک، نە دەتوانین بە حکومەتی هەرێم بڵێین باش نە دەشتوانین بڵێین نەخێر، هەر دو باڵەکەی کۆمەڵە لەچەک داماڵراون، تەنها هێزەکانی سەر سنور چەکدارن، دەبێت لەماوەی 15 رۆژدا ئەوانیش سنورەکان چۆڵ بکەن".

هەروەها هۆشداریدا، لەوەی "سەرکردە بەتەمەنەکان رەنگە بڕیارێک بدەن بەدڵی فەرماندە گەنجەکان نەبێت، بەڵام دڵنیام رەوتێک یاخی دەبن و دەڕۆنە شاخەکان".
رێککەوتن لە نێوان عێراق و ئێراندا ئەنجامدراوە بۆ حەزەر خستنە سەر ئەو حزبانەی دژی ئێرانن
بەڵام عەبدوڵا ئاکرەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ ئێران، دیاریکردنی ئەو وادەیەی رەتکردەوە و رایگەیاند، "رێککەوتن لە نێوان عێراق و ئێراندا ئەنجامدراوە بۆ حەزەر خستنە سەر ئەو حزبانەی دژی ئێرانن، دۆخەکەش ئاساییە و هیچ فشارێکی ئێران لەسەر هەرێم نییە".
ئێران دەیەوێت بگوازرێنەوە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم تا "هەرکات بیانەوێت بمانکوژن"
لایخۆیەوە خەلیل نادری، وتەبێژی پارتی ئازادی کوردستان، دەڵێت، ئێران دەیەوێت بگوازرێنەوە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم تا "هەرکات بیانەوێت بمانکوژن"، دەشڵێت، کۆمەڵگای نێو دەوڵەتیش لە ئاست ئێران بێدەنگە.

خەلیل نادری بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "دەیانەوێت بمانبەنە ناوچەکانی موسڵ، ئەو ناوچانەی لە ژێر کۆنتڕۆڵی عێراقدا، ئەگەر بیانەوێت وەکو موجاهیدینی خەڵقمان لێبکەن، ناچارین بگەڕێینەوە رۆژهەڵاتی کوردستان".
بەشێک لە رێکەوتنەکەی نێوان عێراق و ئێران پەیوەندی بە کۆنتڕۆڵکردنی سنورەکانی نێوان هەردو وڵاتەوە هەبو
لە مانگی 3ی ئەمساڵدا، هەریەک لە عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی ئێران و قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق رێکەوتنامەی ئاسایشی نێوان هەردو وڵاتیان واژوکرد، بەشێک لە رێکەوتنەکە پەیوەندی بە کۆنتڕۆڵکردنی سنورەکانی نێوان هەردو وڵات و رێگرتن بو لە چالاکی حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە ناوچە سنورییەکان.

بەرپرسانی ئێران لە چەند مانگی رابردودا چەندین جار ئاماژەیان بەوە کردوە کە 19ی مانگی داهاتو دوا وادەیە بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق لە ژێر رۆشنایی رێکەوتنەوکە حزبەکانی کوردستانی ئێران چەک بکات و لە سنور دوریان بخاتەوە.

ئەمجەد پەناهی، ئەندامی کۆمیسیۆنی نیزامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، رەتیکردەوە بچنە ژێر باری گوشارەکان و چەک دانانی بە "هێڵی سور" ناوبرد.
20 ساڵە چەکەکانمان بێدەنگ کردوە و لە دۆخی هەرێم تێدەگەین
بەرپرسەکەی کۆمەڵە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "20 ساڵە چەکەکانمان بێدەنگ کردوە و لە دۆخی هەرێم تێدەگەین. هیوادارین حکومەتی هەرێمیش لە دۆخی ئێمە تێبگات. ئێمە سنوورەکان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکارناهێنین، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پڕە لە ئاژاوە، چەک دانان بۆ ئێمە مەترسیدار و هێڵی سورە".
بەرپرسانی باڵای ئێرانی هەڕەشەی ئەوەیان کردوە بە "بەهێزتر" ئۆپەراسیۆنەکانی دژی حزبە کوردییەکان دەستپێبکەنەوە
پێشتر بەرپرسانی باڵای ئێرانی هەڕەشەی ئەوەیان کردوە بە "بەهێزتر" ئۆپەراسیۆنەکانی دژی حزبە کوردییەکان دەستپێبکەنەوە ئەگەر حکومەتی عێراق و هەرێم داواکاریەکانی ئێران جێبەجێ نەکەن.

عەبدوڵا ئاکرەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ ئێران لە مەترسی هەڕەشەکانی ئێرانی کەمکردەوە و رایگەیاند، "ئەوان بەردەوام ئەو قسانە دەکەن، بەڵام دۆخەکە ئاساییە و هیچ شتێک لە ئارادا نییە".