بۆ یەكەمجار لە جیهاندا كرمێكی زیندو لە مێشكی نەخۆشێكدا دۆزرایەوە

02:23 - 29/08/2023

3989جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لە ڕوداوێكی پزیشكی سەرسوڕهێنەردا پزیشكانی نەخۆشخانەی كانبێرا لە ئوسترالیا كرمێكی زیندویان لە مێشكی ژنێكی تەمەن 64 ساڵدا دۆزیەوە.

بەپێی ڕۆژنامەی گاردیانی بریتانی، دكتۆر هاری پریا پاندی پزیشكی نەشتەرگەری دەمار توانی كرمەكە لە مێشكی نەخۆشەكە دەربهێنێت كە درێژییەكەی هەشت سانتیمەترە.

نیشانەكانی لە ساڵی 2022 خراپتر بون و توشی لەبیرچونەوە و خەمۆكی بو

نەخۆشەكە لە كۆتایی مانگی (كانونی دوەم/1)ی ساڵی 2021 لە نەخۆشخانەیەكی ناوخۆیی لە ویلایەتی نیو ساوس وێڵز خەوێندرابو بەهۆی ئازاری سكی و سكچون و كۆكەی وشكی بەردەوام و تا و ئارەقەی شەوانە، نیشانەكانی لە ساڵی 2022 خراپتر بون و توشی لەبیرچونەوە و خەمۆكی بو.

سكانی MRI مێشكی بۆ كرا و تەنێكی نائاسایی دەركەوت كە پێویستی بە نەشتەرگەری هەبو

دواتر لە نەخۆشخانەی كانبێرا خەوێندرا، بەرلەوەی دكتۆر هاری پریا پاندی نەشتەرگەرییەكە ئەنجامبدات و بونی ئەم كرمە زیندوە بدۆزێتەوە، سكانی MRI مێشكی بۆ كرا و تەنێكی نائاسایی دەركەوت كە پێویستی بە نەشتەرگەری هەبو.

بۆیەكەمجارە حاڵەتێكی لەم جۆرە لەژیانی پیشەییدا روبدات

سانجایا سێنانایاكێ، پزیشكی نەخۆشییە درمیەكان لە نەخۆشخانەی كانبێرا ڕایگەیاندوە، "بۆیەكەمجارە حاڵەتێكی لەم جۆرە لەژیانی پیشەییدا روبدات".

سانجایا سێنانایاكێ ئاماژەی بەوەشكردوە، نەخۆشەكە بە باشی چاك دەبێتەوە و هێشتا لەژێر چاودێری پزیشكی بەردەوامدایە، جەختیشی لەوە كردەوە كە كەیسەكەی تیشك دەخاتە سەر مەترسی گواستنەوەی لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ.
دوای دەرهێنانی كرمەكە ڕەوانەی زانایەكی پسپۆڕ كراوە، ئەویش پشتڕاستیكردەوە كە كرمێكە لە هاوشێوەی مار وایە.

ڕاپۆرتی گاردیانی بریتانی ڕایگەیاندوە، یەكەم حاڵەتی دۆزینەوەی ئەم مشەخۆرەیە لە مرۆڤدا، نەخۆشەكە لە نزیك دەریاچەیەك دەژی كە ژمارەیەكی زۆر ماری تێدایە.

ئەو پزیشك و زانایانەی لێكۆڵینەوەیان لەسەر بارودۆخی ئەو خانمە كردوە، ئاماژەیان بەوە كردوە، "ڕەنگە كرمەكە لە ڕێگەی پاشماوەی ناو چیمەنی ئەو ناوچەیەی تێیدا دەژی چوبێتە جەستەیەوە".